محەممەد شوکری: هیچ وەبەرهێنەرێکی هەرێمی کوردستان دەستی لە پڕۆژەکەی هەڵنەگرتووە

شوان زراری: لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و شوان زراری، وەبەرهێنەر
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و شوان زراری، وەبەرهێنەر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە داڤۆس وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان چوار گرێبەستی گرنگیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆکرد، گوتیشی: دژایەتی ئابووری هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەبەرهێنەرێکمان دەستەی لە پڕۆژەکەی هەڵنەگرتووە.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی باسی رۆژدا رایگەیاند، کۆڕبەندی داڤۆسی ئەمساڵ لە هی ساڵانی رابردوو جیاوازتر بوو، چونکە ئەمجارە ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرابووەوە، هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا لە هەموو سەردانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکانی ئابووری، وەبەر‌هێنەر و بازرگانەکان دەبێت یاوەری شاندەکەی حکومەت بن، بۆئەوەی لەوێدا بتوانن دەرفەتەکانی کاکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانەکان نمایش بکەن و هاوبەشی زیاتر دروست بکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆڕبەندی داڤۆس لە ماوەی سێ رۆژدا لە کۆی 75 کۆبوونەوە چوار گرێبەستی گرنگی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆکرا، هەروەها ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەش لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت و دەبێتە هاوبەشی کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گرنگترین شتی سەرۆکوەزیران کە ئەمجارە ئەنجامیدا بەرچاوڕوونی بوو بۆ وەبەرهێنەران کە بۆ لەمەودوا بتوانن بە شێوەیەکی جیهانی کاربکەن و بیربکەنەوە و ئاشنای خەڵکی شارەزا بن.

لەبارەی ئالنگارییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، محەممەد شوکری، گوتی: هەرێمی کوردستان لە چەند رووێکەوە دژایەتی دەکرێت و ئابوورییەکەی لەژێر هەڕەشەدایە، چوکە دووژمنان چاویان بە هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و ئیرەیی پێدەبەن، بەڵام سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەتوانن لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێکەوە یارەمەتیدەربن بۆ سەرخستنی ئابووری، لە داهاتووشدا ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە نامێنیت و کاری باشتر ئەنجامدەدەین.

گوتیشی: تاوەکو ئێستا هیچ وەبەرهێنەرێک لەژێر هیچ بیانوێکدا هەرێمی کوردستانی جێنەهێشتووە و دەستیان لە پڕۆژەکان هەڵنەگرتووە و بەردەوامن. جەختیشی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری دەتوانێت یاریزانێکی سەرەکی بێت لە ناوچەکە.

شوان زراری: لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین

شوان زراری، وەبەرهێنەر لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، بەشداری وەبەرهێنەران لەگەڵ شاندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ داڤۆس مۆدێلێکی نوێی کارکردنی هێنایە ئاراوە، هەروەها کردنەوەی ماڵی کوردستان کە لەسەر ئاستی جیهان بە هەمووی چەند هەرێمێک هەن کە ماڵیان لە داڤۆس هەیە، کارێکی زۆر گرنگ بوو.

ئەو وەبەرهێنەرە راشیگەیاند، لە ماڵی کوردستان پڕوپۆزەڵی دەرفەتی وەبەرهێنان کە دەستەی وەبەرهێنان ئامادەی کردبوو پێشکەشی وەبەرهێنەرە جیهانییەکانمان کرد، ئەمەش بەرچاوڕوونییەک بوو بۆ شێوازی کارکردنی وەبەرهێنەرەکانمان، کە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئێمە.

لەبارەی ئالنگارییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، شوان زراری، ئاماژەی بەوەدا، لێدان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پیلانێکی فراواندایە، کە دوژمنانی گەلی کوردستان بۆیان داڕشتووە، ئێستا دەیانەوێت وەبەرهێنەرەکان بترسێنن.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە کۆڵ نادەین لە بواری خۆمان وەک پێشمەرگەئاسا کار دەکەین، پاراستنی خاکی خۆمان و ئاوەدانکردنەوە زۆر گرنگترە لە سەرمایە، بۆیە بەردەوام دەبین لە پڕۆژە و کارەکانمان، بەڵێنمان بە سەرۆکی حکومەتدا هیچ شتێک نامانترسێنێت و لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام دەبین.

جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەچەشنکردنی داهات رژدە.