سەفین دزەیی: ئامانجمان زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتاری دەسپێکردنی سێیەمین کـــۆنفرانســی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە لە ساتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران و ئاڵنگاری بوونەتەوە، بە تایبەتیش عێراق و ناوچەکە کۆمەڵێک کێشە و گرفتیان هەیە لە نێویاندا هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە ئامانجی کۆنفرانسەکە رێکخستنەوە و زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە.

دەربارەی کارنامەی کۆنفرانسەکە، سەفین دزەیی وتی؛ رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە بەکراوەیی بەڕێوەدەچێت و چەند پانێڵێک پێشکەش دەکرێن، بەڵام لە چوار رۆژەکەی دیکەدا کۆنفرانسەکە بە داخراویی بەردەوام دەبێت.

ویتشی؛ لەم کۆنفرانسەدا چەندین وەزیر و بەرپرسی دەستە سەربەخۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان لە بوارەکەی خۆیدا بابەتێک پێشکەش بکات و بکرێتە تەوەری گفتوگۆ، بەو ئومێدەی لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا راسپاردەیەک ئامادە بکرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیکەربەندییەکی تازەیان بۆ فەرمانگە و پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بە تایبەت لە لایەنی ئیداریی و داراییەوە، بۆ ئەوەی تیشک بخرێتە سەر ئەو بوارانەی وەک کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە نوینەرایەتییەکان رەچاوی بکرێن و ئاشنایی زیاتر پەیدا بکەن بە گۆڕانکارییەکان.

هەروەها وتی؛ لە گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی هاوکاربوون و پەسەندکراون، لە ئێستادا پەیکەربەندی تازەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جێبەجێ دەکرێت بەو ئومێدەی بتوانین لە داهاتوودا خزمەتێکی زیاتر پێشکەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەین.