عێراقییەکان لە مردن بە نەخۆشی زەهایمەر لە ریزبەندی پێشەوەی جیهانی دێن

K24 - هەولێر

عێراق لە پلەکانی پێشەوە دێت لە رووی رێژەی مردن بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە "زەهایمەر" کە لەکۆی 183 وڵاتی جیهان پلەی 66ـی گرتووە.

ماڵپەڕی "وۆرڵد لایف ئێکسپێکتنسی" رایگەیاند، لەکۆی هەر 100 هەزار کەس لە عێراق 19.46 کەس بەو نەخۆشییە دەمرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆی 183 وڵاتی جیهان عێراق لە ریزبەندی 66مین دێت.

راشیگەیاند، لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبی عێراق پلەی حەفتەمی گرتووە، کە بەحرێن لەپلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی دێت، دوای ئەویش قەتەر،عومان، سعوودیە، تونس و یەمەن دێت.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ریزبەندی جیهانی فنلاند لەپلەی یەکەم دێت، کە رێژەی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە لەهەر 100 هەزار کەسێک گەیشتووەتە 54.65 کەس، لەپلەی کۆتاییش سەنگافوورە دێت بەرێژەی 0.43 حاڵەتی مردن بەو نەخۆشیە.