وەزیری ناوخۆی تورکیا: ساڵی رابردوو 82 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

پەنابەرانی سووریا لە سنووری تورکیا - ئەرشیف
پەنابەرانی سووریا لە سنووری تورکیا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو بڵاویکردووەتەوە، ساڵی 2023 ساڵێکی گرنگ بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و بازرگانی بەمرۆڤ، لەو چوارچێوەیەدا 10 هەزار و 482 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکراون و دوای لێکۆڵینەوە، سێ هەزار و 744 کەس سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

یەرلیکایا ئاماژەیداوە، 1479 کەسیش بە مەرج ئازادکراون، چاودێری جموجووڵی هەموو ئەوانەش دەکەن، کە پێشتر لە کاری قاچاخچێتی بە کۆچبەران تێوەگلاون.

هەروەها رایگەیاندووە، بە درێژایی ساڵی رابردوو 82 هەزار پەنابەری سووری لەسەر خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و دەستبەرداری مافی پەنابەرێتی بوون.

بەگوێرەی دوا ئاماری سەرۆکایەتی فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەرانی تورکیا ژمارەی پەنابەرانی سووریا لەو وڵاتە لە ساڵی 2003 بەراورد بە حەوت ساڵی پێشووتر کەمیکردووە.

لە ئامارەکانی فەرمانگەکەدا هاتووە، ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا بۆ سێ ملیۆن و 288 هەزار و 755 کەس کەمبووەتەوە، ئەمەش کەمترین ژمارەیە لە حەوت ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە، کە 52.4% لە رەگەزی نێرن و 47.6% ئافرەتن، هەروەها 97.7% پەنابەرەکانیش لە شارەکان نیشتەجێن.