رێکخراوی تەندروستی جیهانی: برسێتییەکی کوشندە بەرۆکی غەززەی گرتووە

دیمەنی بەردەم نەخۆشخانەی مەعمەدانی - کەرتی غەززە
دیمەنی بەردەم نەخۆشخانەی مەعمەدانی - کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی لە مەترسی برسێتییەکی کوشندە لە غەززە دەدات و دەڵێ، رۆژ دوای رۆژ مەترسییەکە زیاتر دەبێت. داواشی لە وڵاتان کرد پێداچوونە بەبڕیارەکەیاندا بکەن و پشتیوانیی و هاوکارییەکان بۆ ئۆنروا دەست پێبکەنەوە.

ئەندهانۆم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کەرتی غەززە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی بووەتەوە تاوەکوو لە هاوکاریکردنی سیستەمی تەندروستی غەززە بەردەوام بێت، زۆرجار دەست نەگەیشتن بەنەخۆشخانەکان یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان.

هەروەها ئاماژەیداوە، نزیکەی 100 هەزار کوژراو و بریندارن لە غەززە هەیە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان، ئەوانەشی بێسەرشوونن بە مردوو هەژمارکراون.

دەربارەی راگرتنی پشتیوانیی دارایی بۆ ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی ناسراو بە ئۆنروا کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، رایگەیاندووە، راگرتنی هاوکاریی و پشتیوانییەکان لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت، چونکە کەرتی غەززە و دانیشتووانەکەی بەهۆی شەڕەوە تووشی وێرانکاریی و نەهامەتییەکی زۆر بوون.

تێدرۆس ئەدهانۆم دەشڵێت؛ هیچ رێکخراوێک نییە لە بری ئۆنروا لە توانای دابێت بەمشێوە فراوان و بەپەلەیە هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر 2.2 ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە دابەش بکات.

هەروەها پەیامێکی ئاراستە ئەو وڵاتانە کرد، کە پشتیوانییە دارایی و هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ ئۆنروا راگرتووە، داوای لێکردن پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەیاندا بکەن و هاوکاریی و پشتیوانییەکانی بگەڕێننەوە.