لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی هاوکاری گەیەندرایە لێقەوماوانی تورکیا و سووریا

دەزگای خێرخوازی بارزانی
دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر

تیمە بیانییەکان نەیانتوانی باوک و کچێک رزگاربکەن، هەستی نەتەوەیی و مرۆیی ورەی دابووە تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، کە دوای 12 کاتژمیر باوک و کچەکەیان رزگار کرد.

ساڵێک بەسەر بومەلەرزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان تێپەر دەبێت، لە دوای رووداوەکە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ھەرێمی کوردستان وەک یەکەم لایەن ھاوکارییان گەیاندە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، بەپێی ئامارێکی دەزگای خێرخوازی بارزانی 229 ھەزار خێزان کە دەکاتە زیاتر لە 375 ھەزار لێقەوماو لە هاوکارییەکان، سوودمەندبوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە یەکەمین تیم بووین کە زۆرترین تەرمی هاووڵاتییانمان دەرهێنا. تیمەکەی ئێمە وەکو تیمی وەزارەتی ناوخۆ 25 کەس بووین و تیمی وەزارەتی تەندروستیش نزیکەی70 کەس بوون، بە ئەفسەر و کارمەندەوە کارمان دەکرد.

لای خۆیەوە سەرکەوت کارەش، لە تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە بە ئەفسەر و کارمەندەوە زۆر بە وردی کارمان دەکرد. لە بەرەبەیاندا توانیمان هەردووکیان بە زیندووی دەربهێنین، ئێستا هەردووکیان باری تەندروستییان زۆر جێگیر و باشە".