پاکستان... پۆلیسێک لە بنکەی دەنگدان کوژرا

K24 - هەولێر

لە بنکەیەکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پەرلەمان و ئەنجومەنی یاسادانانی خۆجێی لە ناوچەی سنووری تانک لە پاکستان پۆلیسێک کوژرا.

بەگوێرەی کەناڵی سکای نیوز، "پرۆسەی دەنگدان لە بنکەی دەنگدانی "کوت عەزام" لە ناوچەی تانک راگیرا، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە ئەفسەرێکی ئەمنی کردووە و دەستبەجێ کوژراوە".

دوێنێ چوارشەممەش دوو تەقینەوە لە پاکستان روویدا، کە بەوهۆیەوە 22 کەس کوژران و زیاتر لە 25 کەسیش بریندار بوون. 

دەیان هەزار هێزی پۆلیس و نیمچە سەربازی لە بنکەکانی دەنگدان جێگیرکراون بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە هەڵبژاردنەکاندا، کە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە.

هەروەها بەهۆی ئەو هەڵبژاردنەوە خزمەتگوزاری مۆبایل لە سەرانسەری وڵاتدا راگیرا و حکومەت بە رێوشوێنێکی ئەمنی وەسفی کرد.

هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی پاکستان و ئەنومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی یاسادانانی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 8.00ـی بەیانی بەکاتی ناوخۆی پاکستان دەستیپێکرد تا کاتژمێر 5:00 ئێوارە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە ژماردنی دەنگەکان دەستپێدەکات. بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەنجامە فەرمییەکانیش رابگەیەندرێت.

دەنگدەران 266 کاندید بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی هەڵدەبژێرن، کە دواتر بە زۆرینەی دەنگ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێردرێت.

هەروەها دەنگدەران نوێنەران بۆ ئەنجومەنە هەرێمایەتییەکانیان هەڵدەبژێرن، کە دواتر لە رێگەی پرۆسەیەکی هاوشێوەوە سەرۆکی پارێزگاکان هەڵدەبژێرن. هەروەها 44 لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پەرلەمان دەکەن.