پاکستان... لە دوو تەقینەوەدا زیاتر لە 20 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون

شوێنی رووداوی یەکێک لە تەقینەوەکانی پاکستان
شوێنی رووداوی یەکێک لە تەقینەوەکانی پاکستان

K24 - هەولێر

بەپێی سەرچاوەیەکی پۆلیسی پاکستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەقینەوەیەک لە نزیک نووسینگەی کاندیدێکی هەڵبژاردنی یاسادانان و خۆجێی روویدا، لە ئەنجامدا 12 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

 بەرپرسێکی پۆلیسی ناوخۆیی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لەتەقینەوەکدا "12 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکەش برینداربوون".

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، تەقینەوەی دووەم روویداوە کە بەهۆیەوە 10 کەس کوژراون.

 تەقینەوەکەی یەکەم لە ناوچەی پیشین روویداوە کە 50 کیلۆمەتر لە باکووری شاری کوێتای پایتەختی پارێزگای بلوچستان دوورە. هەروەها لە پێش هەڵبژاردنەکاندا توندوتیژی پەرەی سەندووە.

 لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کە بە فەرمی لە نیوەی شەوی سێشەممە کۆتایی هات، لانیکەم دوو کاندید بە فیشەک کوژران، هەروەها لە ناوچە جیاوازەکانیشدا هێرش کراوەتە سەر دەیان کاندید.

 پێشتر زۆرێک لە کاندیدەکان و دەنگدەران تووشی هێرشی چەکداری و تەقینەوە بوونەتەوە کە هێزە بەناو ئیسلامییەکان خستیانەتە ئەستۆی خۆیان.

دەسەڵاتداران زیاتر لە نیو ملیۆن کارمەندی ئەمنییان بڵاوکردەوە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بەسەلامەتی کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بەرێوەبچێت، هەروەها دەسەڵاتداران ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە 90 کارتی دەنگدانیان بەسەر بنکەکانی دەنگداندا دابەش کردووە.