کۆریای باکوور هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور هەڵوەشاندەوە

K24 - هەولێر

پەرلەمانی کۆریای باکوور دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پەیوەست بە هاوکاری ئابووری لەگەڵ کۆریای باشوور دا، ئەمەش لەبەر بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، پەرلەمانی کۆریای باکوور دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پەیوەست بە هاوکاری ئابووری لەگەڵ کۆریای باشوور دا، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پیۆنگ یانگ بەرنامەکانی پەرەپێدانی چەک خێراتر دەکات و سیئۆلیش هاوکاری سەربازی لەگەڵ واشنتن و تۆکیۆ بەرز دەکاتەوە، بەم هۆیەشەوە پڕۆژەی هاوکاری ئابووری نێوان هەردوو کۆریا ساڵانێکە راگیراوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024، لە میانی کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ ئەنجومەنی باڵای گەلان بەکۆی دەنگ بەرپرسان دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەیوەندیدار بە هاوکاری ئابووری نێوان هەردوو کۆریا دا.

دوایین بڕیار دوای ئەوە دێت لە مانگی رابردوودا پیۆنگ یانگ رایگەیاند، سیئۆل دوژمنی سەرەکییە، هەروەها دەزگاکانی تایبەت بە یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریای هەڵوەشاندەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەگەری روودانی هەر شەڕێک ئەوە ئەو وڵاتەی دراوسێی داگیر دەکات.

هەروەها پەرلەمان بە کۆی دەنگ پلانی هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی تایبەت سەبارەت بە کارپێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری چیای کومگانگ پەسەند کرد، کە لە ماوەی رابردوودا بە هێمای هاوکاری نێوان هەردوو کۆریا دادەنرا و سەدان هەزار سەردانیکەری لە باشوورەوە بۆ خۆی راکێشابوو.

گەشتە گەشتیارییەکان بۆ ئەو شاخە لە ساڵی 2008 وەستا، دوای ئەوەی سەربازێکی کۆریای باکوور گەشتیارێکی کۆریای باشووری کوشت، کە لە رێگای دیاریکراو لایدابوو، ئەمەش وایکرد سیئۆل گەشتەکانی بۆ ئەو شوێنە رابگرێت.