خەڵاتی باشترین مامۆستای ئێران بە مامۆستایەکی کورد بەخشرا

K24 – هەولێر:

لەبەرامبەر ئەو چالاکییانەی کە بریتییە لە  گێڕانەوەی قوتابییان بۆ سەر پڕۆسەی خوێندن، خەڵاتی باشترین مامۆستای ئێران بە مامۆستایەکی کوردی دانیشتووی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی پەروەردە و فێرکردنی ئێران ئارام ئەحمەدپوور دانیشتووی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی 500 ملیۆن تمەنی وەرگرت لەبەرامبەر ئەو چالاکییانەی کە بریتییە لە گێڕانەوەی قوتابییان بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.

ئارام ئەحمەد پوور لە رێوڕه‌سمی پێدانی خەڵاتەکەدا کە دامەزراوەی بورهان رێکیخستبوو گوتی: 18 ساڵە مامۆستام و 18 ساڵیشە لە گوندی گراف وانە دەڵێمەوە بۆیە زۆرترین هەوڵمداوە بۆ ئەوەی لەلایەک منداڵان هان بدەم بخوێنن و ئەوانەشی وازیان لە خوێندن هێناوە بیانگێڕمەوە بەر پرۆسەی خوێندن.

هاوکات چەند مامۆستایەکی دیکەش خەڵاتی دیکەیان لەپای هەوڵ و ماندووبوونەکانیاندا له‌ رێوڕه‌سمه‌دا وەرگرت.