رووسیا و ئازەربایجان لەسەر بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێز لە قەرەباخ رێکدەکەون

رێککەوتنی رووسیا و ئازەربایجان
رێککەوتنی رووسیا و ئازەربایجان

K24 - هەولێر

باڵیۆزی رووسیا لە ئازەربایجان رایگەیاند، رووسیا و ئازەربایجان لەسەر وادەی خولی داهاتووی دانوستانەکان سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا لە ناوچەی قەرەباخ رێککەوتوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، میکائیل ئێڤدۆکیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئازەربایجان بە رۆژنامەی ئیزڤێستیای راگەیاند، ئێستا وادەی خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و باکۆیە. سەبارەت بە هێزەکانی ئاشتیپارێزیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رێککەوتووین.

بەگوتەی ئەو باڵیۆزە: "ئامادەبوونی هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا لە ناوچەی قەرەباخ لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی باکۆ تەواوی ناوچەکەی وەرگرتەوە، رۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێز گۆڕانی بەسەردا هات. ئاشتیپارێزانی رووسیا لەگەڵ هێزەکانی ئازەربایجان دەوریەی ناوچەکە دەکەن، بۆ پاراستنی تەواوی ناوچەکە.

میکائیل گالوزین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئەرمینیا دانی بە وابەستەیی ناوچەی قەرەباخدا بە ئازەربایجان نا، مۆسکۆ هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێز لەگەڵ باکۆ تاوتوێ دەکات.

هەروەها گالوزین لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دا لە نیازی واشنتۆن، بۆ کردنەوەی "بەرەی دووەم" لە دژی رووسیا لە قەفقازی باشوورەوە. ئەوەشی خستەروو، ئەمەریکا ماوەیەکی زۆرە ئەو مەبەستانەی نەشاردۆتەوە.