مه‌سرور بارزانی: لە لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان دیدگای کوردستانێکی بەهێزترمان پێ گەیاندن

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، خۆشحاڵ بووم بە سەردانەکەم بۆ دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی و دیدگای کوردستانێکی بەهێزترمان پێ گەیاندن.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان نووسیوویه‌تی: "خۆشحاڵ بووم بە سەردانەکەم بۆ دوبەی بۆ بەشداریکردن لە #WGS24".

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "لەمساڵدا هاوبەشییەکانمان پتەوتر کرد و پردی نوێمان بنیات نا و دیدگای کوردستانێکی بەهێزترمان پێ گەیاندن".

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی  12 تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن.