رۆژێكی پڕ كێبڕكێ چاوەڕێی خولی نایابی كوردستان دەكات

گرتەیەك لە یاریی پێشمەرگەی هەولێر و رانیە لە قۆناغی خولی نایابی كوردستان 2023 ـ 2024 فۆتۆ: نەژاد بێكهام
گرتەیەك لە یاریی پێشمەرگەی هەولێر و رانیە لە قۆناغی خولی نایابی كوردستان 2023 ـ 2024 فۆتۆ: نەژاد بێكهام

لە گەڕی چواردەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان سبەی پێنجشەممە لە كاتژمێر 14:30 چوار یاریی بەڕێوە دەچن، هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی رانیە سەردانی راپەڕین دەكات، سۆرانیش لە نێو یاریگەی خۆی بەرەنگاری پێشمەرگە دەبێتەوە، سیروانی نوێ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی ئاكرێ، شەقڵاوە و دەربەندیخانیش بەیەك دەگەن.

رانیە ـ هەولێر
رانیە دوای شكستەكەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر پێشمەرگە، لەم گەڕە دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی (ئازادە ڕەش) و لەبەردەم هاندەرانی میوانداریی زەردپۆشەكانی پایتەخت دەكات، ئەم یارییە بۆ هەولێرییەكان یاریی تۆڵەكردنەوەیە، چونكە لە قۆناغی یەكەم نوێنەرەكەی راپەڕین لە نێو یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری بە تاكە گۆڵێك شكستی بە هەولێر هێنا.
رانیە و هەولێر ئەم وەرزە هەردووكیان بارودۆخیان لەیەكتر نزیكە، هەریەكەیان شەش سەركەوتنیان لە خولەكە بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوانیشیان تەنیا یەك خاڵە، رانیە بە 24 خاڵ لە خانەی هەشتەمە، هەولێریش بە 23 خاڵ لە خانەی دەیەم دەبینرێت.

شەقڵاوە ـ دەربەندیخان
ئەم دوویانەیە دوو ئامانجی جیاوازییان هەیە، شەقڵاوە شەڕی مانەوە لە خولەكە دەكات، دەربەندیخانیش كێبڕكێی نازناوەكە دەكات، لەم پێناوەشدا دەربەندییەكان گەشتی شەقڵاوەیان كردووە بۆ ئەوەی هەمان ئەنجامە گەورەكەی قۆناغی یەكەم بەسەر ركابەرەكەیان دووبارە بكەنەوە، كاتێك 84 رۆژ بەر لە ئێستادا لە نێو یاریگەی مامەعەزە لەبەردەم هاندەرانی بە 3 گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی لە شەقڵاوە بردەوە.
شەقڵاوە لە كۆی 19 یاریی تاكە یانە كەمترین یاریی بردووەتەوە كە تەینا 3 سەركەوتنە، بە 18 خاڵ لە خانەی پێشكۆتایی خولەكەیە، لە بەرامبەردا دەربەندیخان بە 28 خاڵ لە ریزبەندی شەشەم دەبینرێت و تەنیا 5 خاڵ لە شێروانەی پێشەنگی خولەكە دوورە.

.

 

سۆران ـ پێشمەرگەی هەولێر
سۆران شەش یاریی رابردووی لەسەریەك دۆڕاندووە، ئەنجامە خراپەكانیان وایكرد هەفتەی رابردوو هەر لە دهۆك یونس سلێمانی راهێنەر بڕیاری وازهێنان لە سۆران بدات، كارگێری یانەكە بۆ سێیەمجار هانایان بۆ كۆڤان نزمی راهێنەری پێشوویان بردەوە و شوێنی یونس سلێمانی گرتەوە، ئەم یارییە بەرامبەر پێشمەرگە دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی قورس بۆ ئەو راهێنەرە لاوە، بەوپێیەی پێشمەرگە دوو یارییە لەسەریەك سەركەوتن تۆمار دەكات و هێرشبەرانی شەش گۆڵیان لەو دوویارییە كردووە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێكیان لێ بكرێت، هاوكات كوڕانی سەمیر بابۆ لە دوای شێروانە نزیكترین یانەن بۆ ركابەریكردنی نازناوەكە.
یانەی سۆران بە 17 خاڵ لە دوایین خانەی ریزبەندی خولەكە دێت، لە بەرامبەردا پێشمەرگە بە 31 خاڵ خانەی دووەمی خولی نایابی كوردستانی گرتووە.

ئەركان مەنسور هێرشبەری ئاكرێ بەرامبەر سەوزپۆشەكانی چوارقوڕنە دەیەوێت لە ئاسمانەوە تۆپێك بە سەر كۆنترۆڵ بكات
ئاكرێ ـ سیروانی نوێ
یانەی ئاكرێ لەم یارییە دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان تۆڵەی شكستەكەی قۆناغی یەكەمە كە لە نێو سلێمانی یارییەكەی بە ئەنجامی (2 ـ 1) دۆڕاند، ئامانجی دووەمی كۆتایی هێنانە بەو ریكۆردە ڕەشەی كە شەش یارییە لەسەریەك لە خولی نایابی كوردستان تامی سەركەوتنی نەكردووە. بۆ ئەم یارییە كارگێری یانەی ئاكرێ دیسان متمانەیان بە هەژار سابیری راهێنەریان بەخشییەوە و نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان لێ قبوڵ نەكرد، بە سەركردایەتی هەژار سابیر ئامانجیان ئەوەیە بێنەوە نێو كێبڕكێی بردنەوەی نازناوەكە.
لە بەرامبەردا یانەی سیروانی نوێ لەم هەفتانەی دوایی كەوتووەتە دۆخێكی خراپ و 3 یارییە لەسەریەك رێگەی سەركەوتنی ون كردووە، لەو یارییە دەیانەوێت بە 3 خاڵ بەرەو سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بگەڕێنەوە.
ئاكرێ بە كۆكردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت، لەولاشەوە سیروانی نوێ بە هەمان رێژەی خاڵەكانی ئاكرێ و بە جیاوازی گۆڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە.
.