ئەمەریکا تۆڕێکی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیا و کاڵای وڵاتەکەی بۆ ئێران سزادەدات

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تۆڕێکی کڕینی کاڵا کە لە چەندین کەسایەتی و دامەزراوە  پێکدێن خستە لیستی سزاکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی رایگەیاند، تۆڕێکی کڕینی کاڵا کە لە سێ کەسایەتی و چوار دامەزراوە پێکدێن، خرانە لیستی سزاکان، بەتۆمەتی رێگەخۆشکردن بۆ هەناردەکردنی کاڵا و تەکنەلۆژیا لە چەندین کۆمپانیای ئەمەریکا بۆ ئێران.

گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکراشی دەکات، تۆڕەکە رێگەخۆشکەر بووە لە هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای هەستیار و کاڵاکان بۆ بانکی ناوەندی ئێران.

ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی ئێران لە پارەدارکردنی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و حزبووڵڵا رۆڵێکی گرنگی هەبووە. وەزارەتەکە راشیگەیاند، دوو لەو دامەزراوە سزادراوانە لە تورکیا و ئیماڕاتن.

ئەمەش لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ دامەزراوە و کەسایەتی لە تورکیا و لوبنان سەپاند کە تۆمەتباری کردوون بە فرۆشتنی کاڵا بۆ پارەدارکردنی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا.

گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەکان و حکومەتی سووریا بە فرۆشتنی کاڵای ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلارییان دەستکەوتووە و فرۆشتنی ئەو کاڵایانە بووەتە سەرچاوەی داهاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، حزبوڵڵا و  گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکەدا.

وەزارەتەکە دووپاتیشی دەکاتەوە، رێگری دەکەن لە قۆستنەوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو سوپایە، کە سیستەمەکە بۆ تێکدانی سەقامگیری بەکاریدەهێنن.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغدا سەپاند.

هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە پەرلەمانی عێراقیشدا سەپاند کە تۆمەتباری کردبوو بەوەی کەلوپەلی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.