دەربارەی هێرشکردنە سەر رەفەح هۆشداری دەدرێتە ئیسرائیل

سەربازانی ئیسرائیل لە بەرەی دژی حەماس
سەربازانی ئیسرائیل لە بەرەی دژی حەماس

K24 - هەولێر

ناتانیاهۆ پەیامێک لە بارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەح بڵاودەکاتەوە، هەریەک لە ئوسترالیا و کەنەدا و نیوزیلەندیش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل و رایدەگەیەنن، هێرشەکە، کارەساتی لێدەکەوێتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بە زمانی عیبری بڵاوکردەوە و نووسیویەتی:" تاوەکوو سەرکەوتنی تەواو لە شەڕ بەردەوام دەبین، ئەمەش هەنگاوێکی بەهێزە لە رەفەح، رێگەمان خەڵکی مەدەنیشداوە ناوچەی شەڕ چۆڵ بکەن".

دوای پەیامەکەی ناتانیاهۆ، سەرسێ وڵاتی کۆمۆنوێڵس لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پەیامێکیان ئاراستەی حکومەتی ئیسرائیل کرد، نیگەرانی قوڵی خۆیان لە بارەی درێژە کێشانی شەڕی غەززە دەربڕیوە و هۆشداریان داوەتە ناتانیاهۆ، کە بژاردەی هێرشکردنە سەر رەفەح نەگرێتەبەر.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەر سێ وڵاتداهاتووە، کردەی سەربازی لە رەفەح کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چونکە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار فەڵەستینی ئاوارەی ئەو شارە بوون، بۆیە ئەو خەڵکە سڤیلە بەم ئاسانییە ناتوانن پەناگەیەکی دیکە بدۆزنەوە و بۆی بچن.

ئەمڕۆ 131 رۆژ بە سەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕیت، سەرەتای شەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی چەکدارانی حەماس لە (7ی ئۆکتۆبەری 2023) بۆ خاکی ئیسرائیل، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەلئەڤیڤ بەهۆیەوە هەزار 160 کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون، هەروەها 250 کەسیش رفێندران، بەڵام دوای 46 شەش رۆژ لە شەڕی نێوانیان، ئاگربەستێکی کاتیی و مرۆیی بۆ هەفتەیەک راگەیەندرا و ئاڵوگۆڕی 105 بارمتە بەرانبەر بە 240 زیندانی حەماس کرا، ئێستا حکومەتی ئیسرئیل دەڵی؛ 130 بارمتەیان لە دەستی چەکدارانی حەماس ماوە، بەڵام باس لە کوژرانی 29 بارمتە دەکرێت بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین سەر بە حەماس تاوەکوو ئێستا نزیکەی 29 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 68 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.