ئەمەریکا بڕیاری بە تیرۆر ناساندنی حوسییەکانی جێبەجێکرد

حووسییەکانی یەمەن
حووسییەکانی یەمەن

K24 - هەولێر

بەهۆکاری بەردەوامی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور، ئەمەریکا یاسای بە تیرۆریست ناساندنی حوسییەکانی خستە بواری جێبەجێکردن.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ راگەیاندنی جێبەجێکردنی بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی چەکدارە حوسییەکان، جەخت لە بەردەوامبوونی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی سڤیلی یەمەن دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 18 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.

دوا بەدوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، یەحیا سەریع گوتەبێژی باڵی چەکدارای حوسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (17ی شوباتی 2024) لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە کەشتییەکی نەوتهەڵگری "پۆڵوکس"ـی بەریتانییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج و بە وردی ئامانجەکەشیان پێکاوە.

سەریع راشیگەیاندووە، تا ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، چەکدارە حوسییەکانیش لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور بەردەوام دەبن.

سەرەتای ئەمساڵ واشنتن بڕیاریدا بە فەرمی چەکدارە حوسییەکان بخاتە لیستی تیرۆر، بە هۆکاری ئەوەی بوونەتە هەڕەشە لە سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و چەند کەشتییەکیشیان دەست بەسەرداگرتووە، بۆ ئەمەش داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد بە یاسا بڕیارێک دەربکات.