پشکنینی DNA بۆ کوڕە گەورەکەی میشێڵ ئەنجامدرا

وێنەی میشێڵ و کوڕە گەورەکەی
وێنەی میشێڵ و کوڕە گەورەکەی

K24 - هەولێر

لە هەولێر پشکنینی DNA بۆ کوڕە گەورەکەی میشێڵ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو پارچە گۆشتانەی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی دۆزراونەتەوە، هی ئەو کارگوزارەن یان نا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-02-2024، فەلاح کەلهووری، کونسوڵی فەخری فلیپین لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنتۆنی میندۆسە، کوڕە گەورەکەی میشێڵ، کارگوزارەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هاتە هەولێر و پشکنینی DNA  بۆ ئەنجامدرا.

فەلاح کەلهووری ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا چارەنووسی میشێڵ نادیارە، چەند پارچە گوشتێک لەژێر داروپەردووی ماڵە وێرانبووەوەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی دۆزراوەتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەو پارچە گۆشتانە هی میشێڵن یان نا، پشکنینی "DNA"ـیان بۆ کوڕەکە گەورەکەی ئەنجامداوە.

بە گوتەی کونسوڵی فەخری فلیپین لە هەرێمی کوردستان، کوڕە گەورەکەی میشێڵ رۆژی شەممە، 17-02-2024، گەڕاوەتە وڵاتەکەی و چاوەڕێدەکرێت مانگێکی دیکە ئەنجامی پشکنینەکانی DNA بۆ هەموو لایەک ئاشکرابکرێن.

پێشتر ئەنتۆنی میندۆسە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ کوردستان24 ناردبوو و تێیدا باسی لە چۆنیەتی زانینی هەواڵی کۆچی دوایی دایکی کرد. ئەو گوتی، هاوڕێیەکی دایکی لە دووبەیەوە پەیوەندی پێوە کردووە و پێی گوتووە، "دایکت مردووە".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و ماڵی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و وەبەرهێنەری دیاریی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد. لە ئاکامی هێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی و بازرگانێکی عێراقی شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. تاوەکو ئێستاش چارەنووسی میشێڵ کە کارگوزاری ماڵەکە بووە، نادیارە.