کوڕە گەورەکەی میشێڵ قسە بۆ کوردستان24 دەکات و بەمزووانە دێتە هەولێر

وێنەی میشێڵ و کوڕە گەورەکەی
وێنەی میشێڵ و کوڕە گەورەکەی

K24 - هەولێر

کوڕە گەورەکەی ئەو کارگوزارەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا قسە بۆ کوردستان24 دەکات و باسی ئەو کاتە دەکات کە هەواڵی کۆچی دوایی دایکی پێگەیشتووە. دەشڵێت، "بەمزووانە سەردانی هەولێر دەکەم".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، فەلاح کەلهووری، کونسوڵی فەخری فلیپین لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەستمان بە رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ کوڕە گەورەی میشێڵ میندۆسە کردووە بۆ ئەوەی بێتە هەرێمی کوردستان و پشکنینی DNAـی بۆ بکرێت تا چارەنووسی دایکی دیاریبکرێت.

هەروەها گوتی، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەنووسی میشێلی بە "نادیار" لەقەڵەم داوە، چونکە تاوەکو ئێستا چەند پارچە گوشتێکیان دۆزراوەتەوە، بەڵام دیار نییە هی کێن، بۆیە پشکنینی DNA بۆ کوڕە گەورەکەی میشێڵ دەکرێت.

کونسوڵی فەخری فلیپین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پشکنینەکان دەریانخست ئەو پارچە گوشتانە هی جەستەی میشێڵن؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی گیانلەدەستدانی کارگوزارەرەکە رادەگەیەنن.

هاوکات ئەنتۆنی میندۆسە، کوڕە گەورەی میشێڵ میندۆسە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ کوردستان24 ناردووە و تێیدا باس لە چۆنیەتی زانینی هەواڵی کۆچی دوایی دایکی دەکات. دەڵێت، هاوڕێیەکی دایکی لە دووبەیەوە پەیوەندی پێوە کردووە و پێی گوتووە، "دایکت مردووە".

ئەنتۆنی دەڵێت، "سەرەتا شۆک بووم. چۆن دەکرێت دایکم مردبێت؟ پرسیم چۆن مردووە؟ گوتیان، ماڵی بەڕێوەبەرەکەی، کە پێشرەو دزەیییە بۆردوومانکراوە و ژمارەیەک کوژراون و دایکیشت لە نێو کوژراوەکاندایە. ئەو کاتە هەواڵەکەم پێگەیشت زۆر غەمبار بووم."

ئەنتۆنی لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات، دوای زانینی هەواڵەکە پەیوەندی بە کونسوڵخانەی فلیپینەوە کردووە بۆ ئەوەی لە رووداوەکە ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەن. دەشڵێت، "رۆژی دواتر، بە دوای هەواڵیدا دەگەڕاین. رۆژی یەکەم، پرسیارمان کرد، کێ مردووە و کێ زیندوو ماوە؟ هیوامان دەخواست دایکم یەکێک بێت لەوانەی بە زیندوویی رزگاریان بووە".

بە گوتەی ئەنتۆنی، "هەواڵێکم بیست، کە چوار کەس رزگاریان بووە و دوو کەس کوژراون، یەکێکیان منداڵێک بووە، کە ئەرکی دایکم دایەنیکردنی ژینا بوو. دواتر وێنەی ئەو کەسانەم بینی کە رزگاریان بووە، بەڵام دایکم لە نێویاندا نەبوو، ئەو رۆژە و رۆژی دواتر نەماندەتوانی بخەوین. تا ئێستاش هیچ هەواڵێکمان لە چارەنووسی دایکم پێنەگەیشتووە. بە بەردەوامی لەگەڵ کونسوڵخانەی فلیپین لە عێراق لە پەیوەندین و هەواڵی چارەنووسی دایکم دەپرسین، بەڵام بە ئێمەیان راگەیاندووە، کە هێشتا بە دوایدا دەگەڕێن و چارەنووسی نادیارە.  رۆژ دوای رۆژ بۆ خانەوادەکەم قورستر دەبێت. بەو ئومێدەین لە ژیاندا مابێت، چونکە هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە".

کوڕە گەورەکەی میشێل ئاماژە بەوەش دەدات، "بڕیار بوو لە مانگی داهاتوودا دایکم پشوو وەربگرێت و گەشت بکات. زۆر دڵی خۆش بوو و حەزی دەکرد ئێمە ببینێتەوە، چونکە حەفت ساڵ بوو لە ئیمارات کاری دەکرد. ئەو لە دەرەوەی فلیپین کاری دەکرد بۆ ئەوەی بژێوی ئێمە دابین بکات. بەهۆی کارکردن و ماندووبوونەکانی ئەوەوە بوو، توانیم بڕۆمە خوێندن، بەڵام ئێستا بێ پشتگیری ماوین و کەس نییە هاوکاریمان بکات. برایەکم هەیە، گەیشتووەتە قۆناغی ئەوەی بچێتە کۆلیژ، بەڵام ئێستا دووچاری کێشەی دارایی بووینتەوە. "

ئەنتۆنی هیوادەخوازێت "لە دایکمەوە هەواڵێکمان دەست بکەوێت و بزانین لە کوێیە. کونسوڵخانەی فلیپین بە ئێمەی راگەیاندووە، توێکاریی و لێکۆڵینەوەکان لە پارچە دۆزراوەکانی جەستەی قوربانییەکان بەردەوامە."