کۆچبەرانی دوورگەیەکی نزیک بەریتانیا بەدەست دەستدرێژی سێکسییەوە دەناڵێنن

وێنە، کۆچبەرانی دوورگەی دیێگۆ گارسیا (ئەرشیف)
وێنە، کۆچبەرانی دوورگەی دیێگۆ گارسیا (ئەرشیف)

K24  - هەولێر

ژمارەیەک لە کۆچبەرانی دوورگەیەکی دابڕاوی بەریتانیا لە زەریای هیندی بە لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاند، هەست بە نائارامی و لەبیرچوونەوە دەکەین، هەروەها حاڵەتەکانی "دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردنی منداڵان" تۆمارکراون، هەروەها هەوڵی خۆکوشتنیش دراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رادیۆی "بی بی سی" بەریتانیا، پشکنەرانی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیان دەرکەوتووە کە بارودۆخی ژمارەیەک پەنابەر لە دورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندیدا یەکسانە بە دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە دوورگەکە شیاو نییە بۆ وەرگرتنی کۆچبەران، ئاماژەی بەوەشداوە کار بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان دەکەن.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسان، ئەو 61 کەسەی ئێستا لە کەمپی کۆچبەراندان خەڵکی سریلانکان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 گەیشتوونەتە دوورگەی دیێگۆ گارسیا، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لەرێگای رۆیشتن بۆ کەنەدا تووشی کێشەیەک بووە.

جگە لە کەمپی کۆچبەران، دوورگەکە بنکەیەکی سەربازی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمەریکی تێدایە، بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، کە ئاماژەی بەوە کردووە لە هەموو تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردندا، ئەو کەسانەی کە گوایە ئەنجامیان داوە کۆچبەرانی دیکە بوون.

لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، بەریتانیا هەموو ئەو کەسانەی لەوێ دەژیان گواستنیەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت پەرە بە بنکە سەربازییەکانی بدات، هەروەها رێگەش بە گەشتیاران نادرێت سەردانی شوێنەکە بکەن.

کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەردانەکەی پشکنەرەکان لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم دابووە، کە یەکەمجار بوو لایەنێکی دەرەکی دەستی بگات بە دوورگەکە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ئەو دوورگەیە.

لەم سەردانەدا نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوێیان لە چەند تۆمەتێک گرت سەبارەت بە کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن، کە قوربانیانی ئەو تۆمەتانە منداڵانیش بوون.

کۆچبەرانی ئەو دوورگەیە کە سەدان کیلۆمەتر لە وڵاتانی ناوچەکە دوورترە، ئاشکرایان کردووە کە لە کەمپێکی چادریدا دەژین و مشکی تێیدایە، دەڵێن: تەنیا ناتوانن کەمپەکە بەجێبهێڵن مەگەر لەژێر چاودێری پاسەوانەکاندا نەبێت، تەنانەت ئەگەر بۆ پیاسەکردنیش بێت لە سەر کەنار دەریا.

لەراپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی "هەستکردن بە نائومێدی، رووداوەکانی خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن"،

ئەو گرووپە کۆچبەرە کە 16 منداڵیان لەخۆگرتووە، دەڵێن: "هەست بە بێزاری و خەمۆکی و بێهیوایی دەکەن، هەندێکیان دەڵێن هەستیان بە لەبیرچوون کردووە"، لەکاتێکدا ژنێک دەڵێت: "زۆرێک لە ئێمە بیر لە کۆتاییهێنان بە ژیانمان دەکەینەوە".

لە رەشنووسی راپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆچبەران لە ناوچەیەکی سیاجکراودا راگیراون کە قەبارەکەی نزیکەی 100 مەتر تا 140 مەتر دەبێت و رێگرییان لێدەکرێت لە دەرچوون لە کەمپەکە.