وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دوو لە بکوژانی کەسە نزیکەکانی هادی عامری دەستگیرکران

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی دوو لە بکوژانی کەسە نزیکەکانی هادی عامری راگەیاند، کە لە ناوچەی راشدییەی بەغدا بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە تەقەیان لێکرابوو.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، پۆلیسی رەسافە توانییان دوو کەس بە تۆمەتی تەقەکردن و کوشتنیە دوو هاووڵاتی لە ناوچەی راشدییەی بەغدا دەستگیربکەن و پرۆسەی گەڕانیش بەدوای تۆمەتبارانی دیکەی رووداوەکە بەردەوامە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کە تەقەکردنەکە لە ئەنجامی دروستبوونی دەمەقاڵی بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە بووە و لە ناوچەی راشدییەی باکووری بەغدا.

لەلایەن خۆیەوە، فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا / رەسافە رایگەیاند، کێشەکە لەناوچەی عەناسفەی قەزای راشدییە بووە لە باکووری بەغدای پایتەخت و دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە رووداوەکە، دوو لە بکوژان دەستگیرکراون.

پۆلیسی رەسافەی بەغدا ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو کوژراوەکە ناویان بریتییە لە سەبری عەبدولکەریم شوەیخ و خزر عەباس حوسێن تواڵ.

هەروەها ئەوەشی روونکردووەتەوە کە ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون لەنێو ئۆتۆمبێلێکی نزیک لە رووداوەکە بوونە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی راشدییەی بەغدا، دوو کەسی نزیکی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی و ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر کوژراون.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕێش دەکرێت رێکخراوی بەدر لەبارەی کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەیانەوە لە بەغدا، راگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە.