دادگای باڵای فیدراڵی لە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەکەم دانیشتنی لە سەر سکاڵایەکی تایبەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەببات، کە سکاڵاکارەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان دەکات.

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵ، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگاکە لە سەر سکاڵای داواکارێک بە ناوی ئەمیل بوترس قوستەنتین بەڕێوەدەچێت، کە لە سەر سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تۆماکردووە.

ناوەڕۆکی سکاڵاکە پەیوەستە بە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە هۆکاری ئەوەی سەرۆکی کۆمیسیاران وردبینی لە تۆماری دەنگدەران نەکردووە و پابەندی ماددەی 13ی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزاکان نەبووە، گوایە سەرۆکی کۆمیسیاران وردبینی تۆمارەکانی دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووکی نەکردووە.

سکاڵاکار سەرۆکی کۆمیسیاران بە پەلەکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتبارکردووە و داوا دەکات، تاوەکوو یەکلاییکردنەوی داواکە پەسەندکردنی راستی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن هەڵپەسێردرێت.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە، کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە، 11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان، لە کۆی 16 کورسییەکە، حەوت کورسی بەر کورد کەوتووە.