کەنەدا زیاتر لە 800 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رەوانەی ئۆکرانیا دەکات

سەربازێکی ئۆکرانیا کار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات، ئەرشیف
سەربازێکی ئۆکرانیا کار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات، ئەرشیف

K24 - هەولێر

دوێنێ دووشەممە، حکومەتی کەنەدا رایگەیاند، زیاتر لە 800 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رەوانەی ئۆکرانیا دەکەن، کە لە بەهاری ئەمساڵەوە دەستپێدەکات.

وەزارەتی بەرگری کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتە توانایەکی چارەنووسساز بۆ ئۆکرانیا لە شەڕی لەگەڵ رووسیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەرکی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ئەنجام دەدات، هەروەها دەتوانرێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکانیش بەکاربهێنرێت، وەک گواستنەوەی تەقەمەنی.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، هەروەها بەشێکە لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کە پێشتر بە 370 ملیۆن دۆلار راگەیەندرابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی ئاسمانی بێ سەرنشین "SkyRanger R70" کە رۆڵی هەمەچەشنی هەیە و لەلایەن کۆمپانیای 'تێلداین' لە شاری واترلۆ لە ویلایەتی ئۆنتاریۆ بەرهەمهێنراوە.

 کەنەدا پێشتر 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە کامێرای وردبینی بەرزەوە بەخشیوەتە ئۆکرانیا و لە دوو ساڵی رابردووشدا بەڵێنی داوە دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری کەنەدی کە دەکاتە یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکات.