لایەکی بەغدای پایتەخت بێئاوە

شکانی بۆری سەرەکی دابەشکردنی ئاو لە بەغدا
شکانی بۆری سەرەکی دابەشکردنی ئاو لە بەغدا

K24 – هەولێر:

ئەمیندارییەتی بەغدا رایگەیاند، بەهۆی شکانی بۆرییەکی سەرەکی دابەشکردنی ئاو، دابەشکردنی ئاو بەسەر چەند ناوچەیەکی رەسافەی بەغدا بڕاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن.

رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) ئەمیندارییەتی بەغدا راگەیەندراوێکی لەبارەی کێشەی ئاو لە ناوچەکانی رەسافەی بەغدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی شکانی یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی تۆڕی دابەشکردنی ئاو، پرۆسەی دابەشکردنی ئاو لە ناوچەکانی رەسافە بڕاوە.

لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەوە، ئەمیندارییەتی بەغدا روونیکردووەتەوە، بەهۆی کارکردنی کۆمپانیایەک لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ بۆرییەکە شکاوە و تیمەکانیان لە کارکردنی بەردەوامدان بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە و دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی ئاو لە زووترین کاتدا.

رەسافە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە و لەگەڵ کەرخ، هەردوو بەشی بەغدای پایتەخت پێکدەهێنن و بەشێکی زۆر لە ناوچە زیندوو و قەرەباڵغەکانی بەغدای پایتەخت لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەعزەمییە، مەدینە سەدر، زەییونە، شەقامەکانی فەڵەستین، سەعدون و کەرادە.