کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دواخرا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک - وێنە: کوردستان24
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک - وێنە: کوردستان24

K24 – کەرکووک:

بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنەکە دەستیپێکرد و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەندامە عەرەب و تورکمانەکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.

هاوکات هەر هەشت ئەندامە ئامادەبووەکەی کۆبوونەوەکە واژۆیان لەسەر کۆنووسی دانیشتنەکە کردووە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکە و تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

کۆنووسی دانیشتنەکە
کۆنووسی دانیشتنەکە

دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا، لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).