دوو هاووڵاتیی ئاکرێ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهیدبوون

دوو هاووڵاتیی ئاکرێ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهیدبوون
دوو هاووڵاتیی ئاکرێ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهیدبوون

K24 – ئاکرێ:

دوو هاووڵاتیی سنووری قەزای ئاکرێ لە ئەنجامی بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندێکی سەر بەو قەزایە شەهیدبوون و کەسێکی دیکەش بریندرابووە و گواستراوەتە نەخۆشخانە.  

ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی کافیان لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، دوو کەس شەهیدبوون و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ کاری کشتوکاڵی چووبوونە ئەو ناوچەیە کە خۆیان دانیشتووی گوندی گربیشن و ساڵانە لەم کاتەدا بۆ کاری نەمام چاندن دەچنە ئەو ناوچەیەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو هاووڵاتییەی شەهیدبوونە بەناوەکانی (عارف تەها) و (بەشیر عومەر) تەمەنیان لەنێوان 65 بۆ 70 ساڵیدایە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی سی پی تی لە مانگی ئابی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، 152 هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی و 228 هاووڵاتیی دیکەی سڤیلیش برینداربوون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، لە ساڵی 2023، سوپای تورکیا 23 هەزار و 593 ئۆپراسیۆنی سەربازییان لە دژی پەکەکە ئەنجامداوە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردووەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەدا 923 ئەندامی پەکەکە کوژراون، حەوت هەزار و 716 گومانلێکراو دەستگیرکراون و لەوانە هەزار و 555ـیان سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.