چوار یانە كوردستانییەكان بۆ یەكەمجار ژمارەیەكی پێوانەییان تۆمار كرد

خۆشیدەربڕینی یاریزانانی نەورۆز دوای گۆڵی سەركەوتنی یانەكە لە لایەن مەڕوان حوسێن. 20 شوباتی 2024 یاریگەی قاسم
خۆشیدەربڕینی یاریزانانی نەورۆز دوای گۆڵی سەركەوتنی یانەكە لە لایەن مەڕوان حوسێن. 20 شوباتی 2024 یاریگەی قاسم

لە گەڕی پازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق هەر چوار یانە كوردستانییەكان بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە هەمان هەفتە سەركەوتنیان تۆمار كرد، دوایینیان یانەی زاخۆ بوو كە لە نێو جەرگەی شاری بەسرە 2 ـ 0 لە مینای بردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی مینا، یارییەكەش بە سەركەوتنی زاخۆی دەلال بە 2 گۆڵی بێوەڵام كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكەش لە كۆتاییەكانی یارییەكە لە لایەن یاریزانی پیشەگەر (فرانك سیدریك) تۆمار كران، ئەمەش دووەمین سەركەوتنی لەسەریەكی زاخۆ بوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق. زاخۆ هەر لە دووری یاریگە و هاندەرانی دەمێنێتەوە و لە یاریی داهاتوو دەبێتە میوانی نەفتی بەسرە.
لە یارییەكی دیكەی هەمان گەڕدا هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گۆڵبارانی كەربەلای كرد و یارییەكەی بە (5 ـ 3) بردەوە، بڕیاریشە سبەی لە دووەم یاریی لەسەریەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی نەجەف ببێتەوە.
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێكی بێوەڵام شكستی بە قاسم هێنا، نەورۆز ناگەڕێتەوە سلێمانی و هەر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی نەفتی وەسەت.
لە یارییەكی دیكەیشدا یانەی دهۆك بووە چوارەمین یانەی كوردستانی لەم هەفتەیە سەركەوتنی تۆمار كرد، كاتێك لە نێو یاریگەی نەفتی میسان سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بە 3 گۆڵێ بێوەڵام یارییەكەی بردەوە. لە یاریی داهاتووش دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی خۆی و میوانداریی كەربەلا دەكات.

چوار یانە كوردستانییەكان لە گەڕی پازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق 11 گۆڵیان تۆمار كرد تەنیا 3 گۆڵیان لەسەركرا، ئەمەش یەكەمجارە ئەم ئامارە تۆمار دەكرێت.

.

 

.

 

.

 

.

 

.