سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین وڵاتی جیهان خوازیاری بینینی مێسیە

لیۆنێل مێسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا
لیۆنێل مێسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا

لیۆنێل مێسی بەبێ هیچ گومانێک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە، بگرە هاندەرانی ئەو یاریزانە بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی ناوی دەبەن.

خاڤیەر مالی سەرۆکی ئارجێنتینا یەکێکە لە هاندەرە سەرسەختەکانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بە جۆرێک هاندەرانی ئەو یاریزانەی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکایە، پێیوایە لە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی کۆچکردووی وڵاتەکەشی باشترە.

سەرۆکی ئارجێنتینا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی وەرزشی ئیسپانیا لەبارەی خاوەنی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر دەڵێت '' مێسی باشترین یاریزانی هەموو سەردەمێکە، ئەو توانایەکی گەورەی هەیە لە هەموو بەشەکانی یاریگا، مێسی دیاردەیە و هەرگیز دەرفەتی ئەوەم نەبووە لە نزیکەوە قسەی لەگەڵ بکەم. حەز دەکەم دەرفەتێکم بۆ برەخستێت لە نزیکەوە بینینم و قسەی لەگەڵ بکەم. بینینی لیۆ زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت. من پێشتر قسەم لەگەڵ پاپا و شاژنی هۆڵەندا کردووە، ڕەنگە بەختم هەبێت و بتوانم لەگەڵ مێسیش قسە بکەم ''.

سەرۆکی ئارجێنتینا لەبارەی بەراوردی نێوان مێسی و مارادۆناش دەڵێت '' مارادۆنا یاریزانێکی گەورەی تۆپی پێ بوو، چەند ساتێکی لەبیرنەکراوی پێبەخشین، بەڵام پێموانییە ئەو باشترین بوو، لە هەمان کاتدا پێموایە لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی ڕەخنەی نادادپەروەرانەی لێ گیراوە، چونکە ئەوەی لەگەڵ ژیانی خۆی کرد، تایبەت بوو بە خۆی ''.