زمانی کوردی ئەو زمانەی بەدرێژایی مێژوو دژایەتی کراوە

kurdistan24.net

"كاتێ باس له‌ زمانی كوردی ده‌كرێ,باس لە شۆرش و قوربانیدان و مانەوەی گەلێک دەکرێت, هەموو کوردێک جگە لە جلووبەرگەکەی، بە زمانە کوردییە شیرینەکەشی دەناسرێتەوە."

 
 
 
 
 
View this post on Instagram
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by Kurdistan24 (@kurdistan24tv.official)

لە سووریا ، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی دانیپێدا نەنراوە، هەرچەندە لە رۆژئاوای کورد ستان، نەتەوەی کورد لە دوای نەتەوەی عەرەبەوە، دووەم گەورەترین نەتەوەی ئەو وڵاتەیە.
‎لەدوای سەربەخۆیی سوریاوە لەساڵی 1946 و تاکوو دەسەڵاتی بەعس لەساڵی 1963 ، هیچ دەسەڵاتێک لە دەوڵەتی سوریادا، دانی بە  زمانی کوردی و مافەکانی دیکەی کوردانی رۆژئاوا نەناوە.
 دوای ساڵی 2011  دەرگایەک بە رووی زمانی کوردیدا لە زانکۆ و پەیمانگاکانی رۆژئاوای کوردستان کرایەوە. بەڵام نەک وەک زمانی فەرمی لە دەوڵەتدا.
‎ لە ساڵانی 2014 و 2015 بەشی زمانی کوردی لە هەردوو زانکۆی دیمەشیق و حەلەب کرایەوە، بەڵام پڕۆسەکە بە هۆی زۆری خوێندکار و مامۆستایانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەوە.
‎سەرەرای ئەمانەش لە حکوومەتی سووریادا هیچ بڵاوکراوەیەکی فەرمی بە زمانی کوردی نییە، هەموو بەیاننامە و بڕیارەکانی دەوڵەت تەنیا بە زمانی عەرەبی دەردەچن، 

لە ئێران تا ئێستا جگە لە زمانی فارسی، ماف بە بەکارهێنانی زمانی هیچکام لە نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نەدراوە.  
‎هاوکات لە ماددەی 19ی دەستووری ئێراندا هاتووە: خەڵکی ئێران لە هەر گەل و هۆزێک بن، مافی یەکسانیان هەیە و ڕەنگ و نەژاد و زمان نابێتە هۆی جیاوازیان.
‎بەڵام لە ماددەی 15دا بە کردەنی زمانی فارسی سەپێندراوە و زیاتر لە حەوت زمانی دیکەی ناو جوگرافیای سیاسیی ئێران خراونەتە ژێر ڕەحمەتی ئەو زمانەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفەرمی تەنیا لە زانكۆی ''کوردستان''ی شاری سنە ، بەشی تایبەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەیە، بەڵآم لە هیچ زانکۆیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەی دڵخوازیش وانەی زمانی کوردی ناخوێندرێت. 
‎لە کاتێکدا زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خۆڕاسانی ڕەزەویی،  ڕۆژهەڵاتی ئێران زیاتر لە 10 ملیۆن کەس قسەی پێدەکات ، بەڵآم مافی ئەوەیان پێ نەدراوە ببێتە زمانی خوێندن .
‎سەرەرای ئەوەش کوردان خۆیان خولی فێرکاریی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی دەکەنەوە، بەڵام ئەوانیش تووشی زۆر ئاڵنگاری و تۆمەت دەبنەوە و زۆرجار دەستگیر دەکرێن و سزای قورسی زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

لە تورکیا جارێکی دیکە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لە بەرنامەی کاری حکومەتدا بوون. بەو پێیەی لە ناوچەکەدا مافی خوێندن بە زمانی دایک نییە، بەڵام بۆ منداڵان و قوتابیانی باکووری کوردستان، هەوڵ دەدرێت ئەم بۆشاییە بە کردنەوەی خوولی زمانی کوردی پڕدەکرێتەوە. 
‎شارەزایانی زمانی کوردی داوا لە دەسەڵات دەکەن زمانی کوردی بکەنە زمانی پەروەردە لە باکووری کوردستان ،  بەپێی ئامارە فەرمییەکان 24 هەزار و 368 قوتابی لە ماوەی خوێندنی نێوان ساڵانی 2022 تا 2023 خولی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە.

سەرباری ئەو هەموو زووڵم و ستەمەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەسەر زمانی کوردی هەیە ، بەڵام لە هەڕێمی کوردستان لە دوای راپەرینی ساڵی 1991 ەوە ،هاوڵاتیان ئازادانە گفتووگۆی پێدەکەن ، تەواوی قوتابخانەکانیش بە زمانی کوردی دەخوێنن. 
‎لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، لە دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقدا، زمانی کوردی کراوەتە دووەم زمانی  فەرمی کە ئێستا زیاتر لە 6 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن .