پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی لە هەڵەبجە دادەنێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوور بوو لەسەر ئەوەی بە پێشکەشکردنی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی سەردانی هەڵەبجە بکات و خزمەتی دانیشتوانی شارەکە بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەمێکە لە بەرنامەی کارەکانیدا بووە، هەرچەندە هەرجارەو بە هۆکارێک سەردانەکەی بۆ هەڵەبجە دوادەکەوت، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی بە پێشکەشکردنی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی سەردانەکەی بکات و خزمەتی دانیشتوانی هەڵەبجە بکات.

گوتەبێژی حکومەت ئاماژە بەوەش کرد: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەیەوێت لەم سەردانەکەیدا جگە لە کردنەوەی چەند پرۆژەیەک، بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دابنێت، لە نێویاندا بەردی بناغەی پرۆژەی تووەقوتە".

سەبارەت بە پرۆژەی پردی تووەقوت، هەورامانی ئەوەی خستەڕوو، "پرۆژەیەکی ستراتیژییە و جێبەجێکردنی پرۆژەکە داواکاریی و ئاواتێکی لە مێژینەی هەڵەبجەییەکانە، کە ئەمڕۆ لە سەر دەستی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی کەسایەتیی و بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە بەردی بناغەی دادەنرێت، بە تەواوبوونی پرۆژەکە کارئاسانییەکی زۆر بۆ هامووشۆی هاووڵاتییان و کەرتی گەشتیاری دەکرێت، بە تایبەت لە بەستنەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و گەرمیان".

هەر بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".

وابڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دابنێت.