سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجەییەکان: دڵنیابن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا رەواکانتانین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە پەیامێکی ئاراستەی هەڵەبجەییەکان کرد و رایگەیاند: دڵنیابن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا رەواکانتانین.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: رێز و پێزانینی زۆرم بۆ خۆڕاگری خەڵکی هەڵەبجە هەیە. دڵنیابن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا رەواکانتانین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە ئەرکێکی نیشتمانییە و ئێمە زیاتر دەکەین.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و بەردی بناخەی چەندین پرۆژەی دانا و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی پارێزگاکەشی بەسەرکردەوە و گوێی لە داخوازی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان گرت.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاکە دەرکرد، لەوانەش تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی مەرزەکان بۆ پرۆژەکانی ناوچەکە و دامەزراندنی 500 گەنج و چەند بڕیارێکی دیکە.