هاووڵاتییانی هەڵەبجە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانەكەی سەرۆكوەزیران دەربڕی

kurdistan24.net

K24 – هەڵەبجە:

دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، هاووڵاتیانی شارەکە خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەردەبڕن و دەڵێن: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کاروانی ئاوەدانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و شانازی پێوە دەکەین.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و بەردی بناخەی چەندین پرۆژەی دانا و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی پارێزگاکەشی بەسەرکردەوە و گوێی لە داخوازی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان گرت.

لەبارەی ناوەڕۆکی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە هەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و رێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت هەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی هاندا کە بێنە هەڵەبجە بۆ کارکردن و  حکومەت رێگایان بۆ ئاساندەکات هەتا خزمەت بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و پێشتریش له‌سه‌ر پێشنیازی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داوا كرابوو كۆمه‌ڵێك ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بكرێت و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری وه‌به‌رهێناندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.