دڵشاد نامیق: دادگای فیدراڵی پرۆسەی سیاسی دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر

دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی
دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوەدەکات، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە عێراق، هاوکات دەشڵیت: دادگای فیدراڵی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پەکخستووە.

دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگای فیدراڵی بووەتە جێگرەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە عێراق، دادگاکە هەژموونی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی عێراق هەیە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: دادگای فیدراڵی، دادگایەکی زیاتر سیاسییە نەک یاسایی، دادگاکە کارەکانی خۆی رانەپەڕێنێت، هەروەها بەشێك لەو بڕیارانەی کە دەری کردووە پێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووی خۆیەتی.

دڵشاد نامیق، باسی لەوەکرد، دادگای فیدراڵی دادگایەکی نیشتمانی نییە، بەڵکو دادگایەکە بووەتە زمانحاڵی کۆمەڵێک هێزی سیاسی لە عێراق، ئەو هێزە سیاسیانەش تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتانی دیکە دان.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئەوەشی راگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وای کردووە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر، بە ئەگەرێکی زۆریش بڕیارەکانی دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری عێراق.

دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111 کورسییەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.

ئەوە لەکاتێکدایە دەستبردن بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کاری دادگای فیدراڵی نییە، ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە نۆ کورسی بۆ پێکھاتەکان دیاریکردووە.