هەولێر لە كۆتاییەكانی یارییەكە 2 خاڵی لەدەست دا

شێركۆ كەریم بە درێسی سپی هەولێر بەرامبەر یاریزانێكی نەجەف. 22 شوباتی 2024 - یاریگەی نەجەف
شێركۆ كەریم بە درێسی سپی هەولێر بەرامبەر یاریزانێكی نەجەف. 22 شوباتی 2024 - یاریگەی نەجەف

لە خولی ئەستێرەكانی تۆپی پێی عێراق یانەی هەولێر لە خولەكانی كۆتایی دوو خاڵی لەدەست دا، لە لایەكی دیكەیشەوە سبەی دوو یانەی دیكەی كوردستانی یارییان هەیە و رووبەڕووی یانەكانی كەربەلا و نەفتی وەسەت دەبنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22 شوباتی 2024، لە گەڕی شازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی نەجەف، لە خولەكی 20ـی دەستپێكی یارییەكە محەمەد قاسم بە ئاسیستی هەڵۆ فایەق گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی قەڵاومنارە كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم رووداوەكان گەرموگوڕتر بوون، لە خولەكی 89 ناوبژێوان لێدانێكی پێناڵتی "گوماناوی" لە بەرژەوەندی نەجەف هەژمار كرد، بەڵام دۆمێنیك مێندی هێرشبەری پیشەگەری نەجەف لێدانەكەی بەفیڕۆ دا. دوو خولەك دوای ئەم رووداوە ناوبژیوان مستەفا قابیلی لە یانەی هەولێر بە كارتی سوور كردە دەرەوە، پاشان یونس حەمود لە خولەكی 96 گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ نەجەف تۆمار كرد، یارییەكە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
یانەی هەولێر یارییەكی دواخراوی بەرامبەر كەرخ هەیە، هەر ئەمڕۆش بەرەو پایتەختی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و خۆی بۆ یارییەكەی پێنجشەممەی داهاتوو بەرامبەر ئەمانەی بەغدا ئامادە دەكات، هێشتا دیار نییە هەولێر ئەم یارییە لە نێو یاریگەی خۆی دەكات یان دەیگوازێتەوە بۆ نێو یەكێك لە یاریگەكانی دهۆك، زاخۆ یان نەورۆز.
دوو یانەی دیكەی كوردستانی سبەی هەینی یارییان هەیە، یانەی دهۆك دوای سەركەوتنە گەورەكەی گەڕی رابردوو بەرامبەر نەفتی میسان، ئەمجارەیان گەڕاوەتەوە نێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی میوانداریی كەربەلا دەكات. ئەم یارییە لە كاتێكدایە كەربەلا یاریی رابردووی بە ئەنجامێكی گەورە بەرامبەر هەولێر 5 ـ 3 دۆڕاندووە.
لە یارییەكی دیكەیشدا یانەی نەورۆز دوای سەركەوتنەكەی گەڕی رابردوو بەرامبەر قاسم، نەگەڕاوەتەوە سلێمانی و هەر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی نەفتی وەسەت، یارییەكەش لە كاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە كاتی هەولێر دەكرێت.

.
.
.