رێبەر ئەحمەد: لەسەر دابەشکردنی هیچ پۆستێکی پارێزگای کەرکووک رێککەوتن نەکراوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 دەربارەی کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی؛ کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو بۆ لێکنزیکردنەوەی بیرو بۆچوونەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی کەرکووک لە دوای هەڵبژاردنەکان، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵام ئومێد دەکەین لە داهاتوودا لە نێوان هەموو لایەنەکان ئەنجامی باشی هەبێت و لێکتێگەیشتنی باش دروست بێت.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشداربووین، بۆچوونی پارتی ئەوەیە هەموو لایەن و پێکهاتەکان بە یەکەوە بتوانن بە ئیدارە و شێوازێکی نوێ کەرکووک بکەینە نموویەکی باشی پێکەوە ژیان پێکهاتە نەتەوەییەکان و ئاشتی و سەقامگیری.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیشیکردەوە لە سەر پۆستی پارێزگار بۆ کورد و دانای دوو جێگر لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان رێککەوتن کرابێت، گوتی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتووگۆمان کردووە، بەڵام لە سەر هیچ پۆستێک رێککەوتن نەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەک، نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆبوونەوەیە بە دیدگای دەستپێشخەریی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە بەگوێرەی دادپەروەری ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دواتریش رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری ئابووری کە لەگەڵ کارنامەی حکومی فیدراڵی یەکبگرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دۆخی تایبەتی کەرکووک کرد و جەختی لەکاری پێکەوەیی و سەقامگیری پارێزگاکە کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەشەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری کەرکووک.

لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەشداربووەکان لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.

یەکەم: بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکووک لە عێراقی بچووکە، هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی رۆڵەکانی کەرکووک و پاراستنی پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی و هاوکاری لەنێوانیان لەژێر سایەی دەستوور.

دووەم: رێککەوتن لەسەر بنەمای هاوبەشیکردن و سازان و رەتکردنەوەی وەلانانی یەکتر وەک بنەمای کاری هاوبەش لە پارێزگای کەرکووک.

سێیەم: رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە سەرجەم هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی و کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییەتەش بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت تاوەکو ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمی و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەکە دەکرێت.

چوارەم: ئامادەکردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە کەرکووک کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە پێکدەهێندرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی پارێزگاکەوە پەسەندبکرێت.

پێنجەم: پێشکەشکردنی کارنامەی لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا، کە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە لەخۆبگرێت لەگەڵ میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

دوای 18 ساڵ لە رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.