بەنگین رێکانی: تا ئێستا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە فەرمی نەگەیشتووەتە حکومەت

بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی فیدراڵی
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی فیدراڵی

K24 – هەولێر:

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی فیدراڵی دەڵێت: تا ئێستا بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بە شێوەیەكی فەرمی نەگەیشتووەتە دەستی حكومەت و ئەوەی ھەیە تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە باسكراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی شوباتی 2024) بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی فیدراڵی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە ئێستادا بە فەرمی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەدەست نەگەیشتووە، هەر کاتێک بڕیارەکان گەیشتن ئینجا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و قسە لەسەر جێبەجێكردنی میكانزمەكانی دەكرێت.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، گوتیشی: هەواڵی گەیشتنی بڕیارەکان تەنیا لە راگەیاندنەکان باسی لێوە کراوە و هیچ شتێکی فەرمی لە ئێستادا لە ئارادا نییە.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، کە نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات و پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.