فالح فەیاز سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایدەگەیەنێت، هاتوونە سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی بکەن بە هۆی کۆچی دوایی خوشکی و لەو دڵتەنگییە هاوبەشیانن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی شوباتی 2024) فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لەکاتی بەشداری لە پرسەی "زەکیا مەلا مستەفا بارزانی"، خوشکی سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "هاتین سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی بکەین، لەو ساتە خەمگینەدا هاوبەشی خەمیانین، ئەمە بەشێکە لە ئەرکی کۆمەڵایەتی بەرانبەر بە کەسایەتییەکی نیشتمانی و هەروەها بەرانبەر بە پارتی و برایانیشمان لە هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتیشی: پشتیوان بەخوا عێراق بەرەو پێکەوەژیان هەنگاودەنێت و جگە لەمەش هیچ شتێکی دیکەی نییە.

رۆژی هەیینی، (23ـی شوباتی 2024) دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، "زەکیا مەلا مستەفا بارزانی"، خوشکی سەرۆک بارزانی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

رۆژی شەممە، (24ـی شوباتی 2024) یەکەم رۆژی پرسەکەی لە پیرمام بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو و، ئەمڕۆ دووەم رۆژی پرسەکەیە.