ئینتیفاز قەنبەر: مەسرور بارزانی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەرزکردووەتەوە

ینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن
ینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، رایدەگەیەنێت؛ کورد و پێشمەرگە گرنگترین و بە متمانەترین هاوپەیمانی ئەمەریکان، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پارێزراون. هاوکات دەڵێت: سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لەو کاتەدا گرنگی تایبەتی هەیە.

ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، لەمیانەی بەشداری لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرکەوتوو بووە لەوەی گۆڕانێکی جۆری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەمەش پەیوەندییەکی زۆری بە سەرکردایەتییە ناوەزەکەی و، هەروەها پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە.

سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لەوەی کە ئەقڵیەتی کوردی لە حوکمی خۆجێیی بۆ ئەقڵیەتی هەرێمی فیدراڵی بگوازێتەوە، "متمانەی تەواویشمان هەیە کە سەرۆکوەزیران دەنگێکی بیستراو و بهێزی دەبێت لە واشنتن".

ئینتیفاز قەنبەر، ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا زۆرترین سەربازی هەیە لە هەرێمی کوردستان، لەو هەرێمە پارێزراون و هێزە میلیشیاکانی لێ نییە، بۆیە پەیوەندییەکی زۆر باش و ستراتیژی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هەیە.

سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، دەڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بوێری و راستگۆیی و هەڵوێستەکانی ناسراوە، هەروەها سەردانی جەنابیان بۆ ئەمەریکا لەو کاتەدا گرنگی تایبەتی هەیە.

ئینتیفاز قەنبەر، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، کورد و پێشمەرگە گرنگترین هاوپەیمانی ئەمەریکان لە ناوچەکەدا، دوای ئالنگاری و کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا ئەمەریکا لەوە تێگەیشتووە کە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چ بایەخێکی هەیە، بە تایبەتی لەگەڵ پێشمەرگە، ئەمەریکا پێیوایە پێشمەرگە بەهێزترین هاوپەیمانێتی لە دەرەوەی ناتۆ.

سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، گوتی: بەرژەوەندی ئەمەریکا لەوەدایە لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، گەلی کورد و حکومەتی کوردی هاوپمانێکی سەرەکی ئەمەریکان.

گوتیشی: بڕگەیەک هەیە لە یاسای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ ئەمساڵ کە ئەوەی لەخۆگرتووە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت و سیستەمی بەرگری ئاسمانییان پێبدرێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.