هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوە

هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوە
هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوە

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن و متمانەیان بەو پڕۆسەیە نەماوە. بە گوێرەی توێژینەوەیەکیش، لە نێوان 165 وڵاتدا بۆ پێوەری دیموکراسی، ئێران پلەی 153ی وەرگرتووە.

275 چالاکوانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ناوخۆی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەیان وەکوو دەریاچەی ورمێ وشک بووە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتەدا بەشداری ناکەن.

لەو بەیاننامەیەدا کە کەسانی وەکوو موڕتەزا ئەلویری، عەبدولعەلی بازرگان، پەروانە سەلەحشووری، هاشم سەباغیان، عەلیڕەزا ڕەجایی، عەلی باباچاهی و ئەبولفەزڵی قەدیانی واژۆیان کردووە، هاتووە "دۆخی دامەزراوەی نیوەگیانی هەڵبژاردن لە ئێران تەنانەت بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش زۆر خراپترە".

ئاماژەیان بەوەش داوە، بە ڕەتکردنەوەی بەرفرەوانی شیاویەتیی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردبووە، ڕوونە کە هەڵبژاردنەکان بەپێی بەرژوەندیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و دژی دەسەڵاتی گشتیی خەڵک ئەندازیاری کراوە.  

هاوکات بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵانە دەربارەی دۆخی دیموکراسی کە گرووپی ئیکۆنۆمیست وەک کۆمپانیای دەستەخوشکی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بریتانیا ئەنجامی داوە، حکومەتی ئێران لە نێوان 165 وڵاتدا بۆ پێوەری دیموکراسی پلەی 153ی پێ دراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە 12 وڵاتی وەکوو یەمەن، لیبیا، سوودان، کۆریای باکوور، گینیای کەمەرەیی و ئەفغانستان دۆخی دیموکراسییان لە ئێران خراپترە.

هەروەها لە پێنج پێوەری دیموکراسیدا نمرەی سفر تا 10 بە وڵاتان دراوە، حکومەتی ئێران لە پێوەری پرۆسەی هەڵبژاردن و باوەڕ بە فرەلایەنیدا نمرەی سفری وەرگرتووە.

هاوکات لە پێوەری کردەوەکانی حکوومەتدا، نمرەی 2.5، لە پێوەری بەشداریکردنی سیاسیدا 3.33، لە پێوەری کولتووری سیاسی 2.5 و لە پێوەری ئازادییە مەدەنییەکاندا 1.47ی وەرگرتووە.