خاوەنکارانی ئێران لە هێنانی وەبەرهێنەرانی چین بۆ وڵاتەکەیان نیگەرانن

ئاڵای ئێران و چین
ئاڵای ئێران و چین

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا پێنج هەزار کۆمپانیا و زیاتر لە 500 هەزار ئەندازیار لە ئێران بێکارن، کەچی حکومەتی ئێران هانی وەبەرهێنەرانی چین دەدات لەو وڵاتە سەرمایەگوزاری بکەن، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی لەنێو خاوەنکاران و هاووڵاتییان بەدوای خۆیدا هێناوە.

سەرمایەگوزاری بیانی قەیرانی بێکاری لە ئێران قووڵتر دەکاتەوە. بەهۆی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی چین لە کەرتی خانووبەرە لە ئێران، کۆمپانیاکانی ئێرانی و ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنکاران و کرێکارانی ئەو وڵاتە بێکار دەمێننەوە.

ئیرەج رەهبەر، سەرۆکی ناوەندی بیناسازانی بەکۆمەڵ لە ئێران رایگەیاندووە، لە کاتێکدا لە ئێران پێنج هەزار کۆمپانیا و 500 هەزار ئەندازیار بێکارن، سەرمایەگوزاری بیانی پێویست نییە. هەروەها ناوبراو ئەوەی خستووەتەڕوو، پێشنیازی چین بۆ بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەر مەترێکی چوارگۆشە لە تاران بەنرخی  100 دۆلار "گوماناوییە" و، گومان دەکرێت حکومەتی وڵاتەکەی داشکاندنی نرخی نەوتی لەبەرامبەردا کردبێت.

هەروەها رامین گۆران، سکرتێری کۆمەڵەی بیناسازانی بەکۆمەڵ لە ئێران رایگەیاندووە، چین پلانی هەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، زیندانییانی وڵاتەکەی بۆ ئێران بگوازێتەوە. راشیگەیاند، حکومەتی ئێران زانیاری دروست لەسەر گرێبەستەکانی لەگەڵ چین لە بواری وەبەرهێنان لەکەرتی خانووبەرە ئاشکرا ناکات.

ئەحمەد خورەم، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ئەندازیارانی ئێران لە 24 شوبات لەسەر وەبەرهێنانی چین لە وڵاتەکەی رەخنەی توندی لە بەرپرسانی ئێران گرت و دەڵێت، ئەم هەنگاوە لێکەوتەکەی شەرمەزارکردنی کۆمەڵگەی ئەندازیارانە و، لێدانە لە رووخساری کۆمەڵگە و، پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکانیانە. دەشڵێت: "بە پارەی نەوتی ئێران، کۆماری ئیسلامی، هەلی کار بۆ چین دروست دەکات".

ئەحمەد خورەم پێیوایە ئەم رێککەوتنە، پلانێکی سیاسییە و دەڵێت: کۆماری ئیسلامی وای وێنا دەکات دروستکردنی بەرژەوەندی بۆ چین، چین لە ئەنجوومەنی ئاسایش دژایەتی پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامانە دەکات کە لە دژی ئێران دەردەکرێن، بەڵام ئەو ڕای وایە، چین و رووسیا سەبارەت بە ئێران لەگەڵ ئەمەریکا هاوڕان.

ئیبراهیم ڕەئیسی، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو حکومەتەکەی ساڵانە یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا لەبارەی بەڵێنەکەیەوە گوتی "ئەوانەی رێگربوون لە پڕۆژەکە، دەبێت لەسەر نەکردنیی، بێنە وەڵام". گوتیشی، دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجىێبوونی ساڵانە، دەبێت بڕیارەکە لە پەرلەمانەوە بێت، چونکە بەڵێنی کابینەکەیەتی و، پێویستی وڵاتیشە.