ئەمەریکا بەڵێنی بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەدات

ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا
ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامی هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان رووبەرووی کۆمەڵێکی زۆر گوشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە.

ئاڵنگارییە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزی ناوچەکە، نەبووەتە هۆکارێک کە ئەمەریکا سەرنجی لەسەر هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لابدات، لەسەر زاری ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڵێنی بەردەوامیدان بە هاوکارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان درا.

لەمیانی پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە، لە واشنتن دی سی؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناوازەن، هەروەها پشتیوانی لە هەرێمی خۆراگر دەکەن لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە 360 پلەیەی لەگەڵ عێراق هەیانە، چونکە هەرێم هاوبەشێکی گرنگ بووە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.

قسەکانی گەورەترین بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە وەزیرە لەم دۆخەدا کە هەرێمی کوردستان لە چەندین لاوە لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش رووبەڕووی گوشاری جیا جیا بووەتەوە، دەبێتە هۆی رەواندنەوەی تەمی دوودڵی و گومان، دەرخەری ئەو راستیەشە ئەمەریکا وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی بواری دیموکراسی و پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.

ئەمەریکا لە دوای سەرهەڵدانی داعشەوە بەردەوام هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کردووە، شانبەشانی هەرێم وەستاوەتە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، ساڵانە بەشێک لە بودجەی پێنتاگۆن بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەرخاندەکات. بۆ ئەم مەبەستەش لە 2014ـەوە سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی، چەک، دژەمین و چەندان چەکی دیکەی بۆ پێشمەرگە دابینکردووە. تا ئێستا نزیکەی 12 لیوای پێشمەرگەی پڕچەک کردووە، ئەوە سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

لە روانگەی مرۆییشەوە، ئەمەریکا هەم وەک ئیدارە و هەم لە رێگەی رێکخراوەکانییەوە هاوکاری پەنابەران و ئاوارەکانی لە هەرێم کردووە. لە رووی کولتووری و پێکەوەژیانیشەوە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمەریکا بەردەوام لەرێگەی تەرخانکردنی پارە و چالاکی جۆراوجۆرەوە دەستباری پێکەوەژیان بووە لەهەرێم.

پایەمەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا روونە و دەڵێت، ئەوەی لەمەوپێش بۆ هەرێمی کوردستانمان کردووە، لەمەودواش بەردەوامی پێدەدەین.