زۆرینەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی فیدراڵییەتن

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق

K24 - هەولێر

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق زۆرجار بڕیارەکانی پێچەوانەی بنەماکانی فیدڕاڵییەت بوون. ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا ئەو دادگایە لەسەر بنەمای یاسا و بڕیارێکی وزاری سەردەمی حوکمڕانی راگوزەری پێش نووسینەوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ کاردەکات.

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە 7 ساڵدا چەندین بڕیاری دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەرکردووە.

لە ساڵی 2005 کە عێراق لە قۆناغی حوکمڕانی راگوزەر بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی وزاری پێش نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقی فیدڕاڵ دروستبوو.

بەگوێرەی ماددەی 92ـی دەستوور، دادگاکە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو بازنەی دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکەوە، کەچی بە بڕیارە سەپێنراوەکانی لە دژایەتیکردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوامە و بە ئاشكرا پێشێلی ده‌ستووری وڵاتی دەکات.

بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌دژی هه‌رێمی كوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکان:

- لە 20/11/2017 ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی به‌ نادەستووری دانا و هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌.

- لە 2022/2/15 یاسای نەوت و گازی بە نادەستووری و نادادپەروەرانە له‌ قه‌ڵه‌مدا.

- لە 4/10/2022 كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هەرێمی کوردستانی به‌ ناده‌ستووریی دانا.

- لە 25/1/2023 رەوانەکردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی یاسا و ماددەکانی دەستوور دانا.

- لە 30-5-2023 درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م هەڵوەشاندەوە.

- لە 28-8-2023 هەڵوەشاندەوەی سزای رێگریكردن لە کردنەوەی بارەگا لایەنە سیاسییەکان.

- لە 3-9-2023 راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک بە پارتی. 

- لە 14-11-2023 دوورخستنه‌وه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایەتیی په‌رله‌مانی عێراق.

- لە 21-2-2024 دژایەتییەکانی دادگای فیدڕاڵی دژ بە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیی گەیشتە لوتکە و بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی کوتاکان و كه‌مكردنه‌وه‌ی کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی.

ئەمە جگە لەوەی کە بڕیاریدا لە جێی کۆمیسیۆنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هەرێمی کوردستان؛ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوەببات و هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشكرد.