مایڵز کاگینز: هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان قوڵتر دەکەنەوە

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)

K24  - هەولێر:

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، رایدەگەیەنێت؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە ئەمەریکا کردووە کە هەرێمی کوردستان بپارێزێت، هەروەها واشنتنی ئاگادارکردووەتەوە کە سیستەمی دژە مووشەکی بۆ هەرێم دابین بکات.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لەو کاتەی ئێستادا زۆر گرنگە، چونکە ئەو دەتوانێت زۆر بابەت بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راستەوخۆ بگەیەنێتە سەرکردەکانی ئەمەریکا.

گوتەبێژی ئەپیکۆر، راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازێكی گەرمی لێکراو و بە گرنگییەوە باس لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان کرا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دیداری دەبێت لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و بەپرسانی باڵای واشنتن.

مایڵز کاگینز، ئاماژەی بەوەدا، کاتژمێرێک پێش ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرە کۆبوونەوەیەکەی ڵەگەل شارەزایان و پسپۆڕان ئەنجامدا و باسی لە ئەجێنداکەی خۆی کرد، هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و واشنتنی ئاگەدارکردەوە کە سیستەمی دژە مووشەکی بۆ هەرێم دابنین بکات.

گوتەبێژی ئەپیکۆر، دەڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت و باسی لەوەشکرد کە نابێت قوتی خەڵک وەک چەکێکی سیاسی بەکاربهێندرێت.

مایڵز کاگینز، گوتی: ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان جگە لە بواری سەربازی لە زۆر بواری دیکە پەیوەندییەکانیان قوڵتر دەکەنەوە، هاوکات هاوبەشی و دۆستایەتی ئەمەریکا و کورد بەردەوام دەبێت و گەشەش دەکات و، بوونی سەرۆکوەزیران لە واشنتن هۆشیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە بۆ رای گشتی ئەمەریکا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، رای گشتی ئەمەریکا دەبێت تێبگات لە زمانی کوردی و کولتووری کوردی.

گوتەبێژی، ئەپیکۆر، گوتیشی: "کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا ئاگاداردەکەیەنەوە کە دەبێت بە کردار فشار بخەنە سەر بەغدا بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکاش دەتوانێت ئەو کارە ئەنجامبدات".

مایڵز کاگینز، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر سوودانی رێگەنەدات هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەروەها ئەگەر کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش چارەسەر نەکات ئەوا دەبێت ئەمەریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق رابگرێت.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.