سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دامەزراوە ئەمەریکییەکان باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن

K24 – هەولێر:

لەمیانی سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت و هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی کۆبووەوە.

رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت وهزر ولێکۆڵینەوەی ئەمەریکی (ثينك تانك) کۆبووەوە.

لە مێزگردەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە .

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە رێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. ئاماژەشی بەوە دا کە خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە رەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی ببێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم کرد. هەروەها باسی لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دا.

لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەبووانی دایەوە.

0
0
0
0
0
0