ئەحمەد ئەبیەز: سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگە

ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەدار
ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێك، ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بەرگری لە ئەزموونی خۆی بکات، هەورەها بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووە لە وەبەرهێنان و سەقامگیری. گوتیشی: سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگە.

ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەدار، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، پاراستنی هەرێمی کوردستان پاراستی عێراق و یەکگرتووی خاکی عێراقە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەمیشە مافەکانی کوردیان پێشێل کردووە.

ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق میلیشیاکان باڵادەستن ئەمانەش هەمیشە بوونەتە کێشە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکات دیموکراسییەت لە عێراق کۆتایی هاتووە.

ئەو سیاسەتمەدارە ئاشکرایکرد، ئەو گۆڕانکارییەی کە ئێستا لە واشنتن روودەدات دوو شت بۆ ئێمە رووندەکاتەوە، یەکەمیان؛ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونە ئەو بڕوایەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و تێگەشتن لە بەغدا سەختە و پەیامەکانیان هێناوەتە ئەمەریکا. دووەمیان؛ هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی دیکە و بەرگری لەخۆی دەکات.

ئەحمەد ئەبیەز، دەڵێت: لە دیدارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە دۆستایەتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و واشتن بەردەوام دەبن لە پشتگیری هەرێمی کوردستان.

ئەو سیاسەتمەدارە، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق لەلایەن میلیشیاکانەوە پێکهێندراوە کە زۆرینەیان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادان.

ئەحمەد ئەبیەز، گوتی: سەقامگیری هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی سەرەکی ئەمەریکایە بۆ ئەوەی سەقامگیری لە عێراق بەرپاببێت، دیموکراسییەت لە عێراق کۆتایی هاتووە و ئەو رژێمەی ئێستا لە رووخانە.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بەرگری لە ئەزموونی خۆی بکات، هەورەها بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووە لە وەبەرهێنان و سەقامگیری.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.