وەزیری شارەوانی: ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە لەسەر بودجەی حکومەت جێبەجێدەکرێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی  هەرێمی کوردستان
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە، "دیدگای هەڵەبجە 2040" دانراوە کە دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە جێبەجێدەکەین، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانرێ جێبەجێبکرێت.

بەگوتەی ئەو وەزیرە: "ئێمە لە ساڵی رابردوو ساڵی 2023، پێشینەیەکی باشی کارکردنمان بۆ ئامادە سازی بۆ دروستکردنی ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە، دیدگایەکی تەواو لەلایەن هەموو فەمانگە پەیوەندیدارەکان بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە، بۆ هەڵەبجە دانراوە بە ناوی "دیدگای هەڵەبجە 2040" ئەوە دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ماستەرپلانەکە کە هەوڵدەدرێت لەماوەیەکی دەستنیشانکراو لە ساڵی 2024 تەواو بکرێت کە ئەوە بابەتی یەکەم بوو".

ساسان عەونی راشیگەیاند، بابەتێکی دیکە داوامان کرد لە پارێزگای هەڵەبجە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی هەڵەبجە، ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە خەڵک بەتایبەت پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکان و کۆڵانەکانی هەڵەبجە، لەگەڵ دروستکردنی چەند پاڕکێک لەناو شاری هەڵەبجە، بەزووترین کات دەرخستەکانمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی کاری پێویستی لەسەر بکەین.

ئەو وەزیرە گوتیشی: "خاڵێکی دیکە کە لەگەڵ پارێزگار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان باسمان کرد، ئەو پڕۆژانەی کە زۆر بەپەلەن بۆ ئەوەی بتوانین پارەی بۆ دیاری بکەین و جێبەجێی بکرێت لەلایەن خۆیانەوە بۆمان دەستنیشان بکەن".