پەیامنێری کوردستان24: لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی گرنگی لە واشنتن دەبێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن

K24 – واشنتن:

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجامدا و وابڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا، لە واشنتن چەند دیدارێکی دیکەی گرنگ ئەنجام بدات.

عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاند، وابڕیارە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) کۆبوونەوەی دەبێت، هەروەها بڕیارە لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و ژووری بازرگانی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن روونیکردەوە، کە لە ناوەندەکان و میدیاکانی ئەمەریکا بە گرنگییەوە باس لە سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکرێت و هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژی باسی لێوەدەکرێت و بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەشەوە، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەک و هاوبەشێکی گرنگی ئەمەرکا دادەنرێت.

رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سێناتۆر تامی دەکوۆرت، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری کۆمارییەکان کۆبووەوە.

هەروەها رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر رۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن ، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. دواتریش لە سێ کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ هەر یەک لە باربارا ليف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى نزيك، عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و جیۆفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبووەوە.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت، هەروەها  شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە پێکهاتوون.