وەزیری پەروەردە: بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن کەمکرایەوە و پێنج نمرەش بە قوتابیان دەدرێت

ئالان حەمە سەعید
ئالان حەمە سەعید

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆرینەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە رازی بوون بە کەمکردنەوەی بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن و هەروەها دوو تاقیکردنەوەش دەکرێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لە پێناو ئەوەی بە یەک شێواز تاقیکردنەوەی گشتیگیر لە کوردستان ئەنجام بدرێت، بڕیاریاندا دوو تاقیکردنەوە بکرێت، خولی یەکەم و خولی دووەم بۆ هەموو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان".

گوتیشی: ئەم شێوازە تاقیکردنەوەیە پێویستی بەوەیە پرۆگرامی بۆ کەم بکەیتەوە، بۆیە زۆرینەی ئەنجومەنی وەزارەت رازی بوون کە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن کەمبکرێتەوە، هەروەها پێنج نمرەشمان داوە بە قوتابیان بۆ ئەوەی هاوکار بێت کە بتوانین دوو تاقیکردنەوە بکەین.

دەشڵێت: تاقیکردنەوەکانمان خستووەتە دوای جەژنی قوربانەوە، واتە لە 23-6 دەستپێدەکات، ئەمگۆڕانکارییانەی مەنهەج بۆ پۆلی 12 زۆر کاریگەری نابێت، هەروەها شێوازی پرسیارەکانیش هەروەکو ساڵی پار و پێرار ئەبێت.

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، سەبارەت بە هەژماری من، دوومانگ لەمەوپێش چەندین دامەزراوەی پەروەردەییمان لە ئاستی وەزارەت و لە ئاست پەروەردەیی قەزاکان لە ئاستی قوتابخانەکان بەسدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.