عێراق.. لەگەڵ زیادبوونی داهاتدا رێژەی هەژاری و بێکاریش لە بەرزبوونەوەدایە

بازاڕی شۆرجە لە بەغدا - وێنە: AP
بازاڕی شۆرجە لە بەغدا - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئاستی جیهان، بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە ساڵانە سەدان ترلیۆن دیناری دەستدەکەوێت، بەڵام گەندەڵی و بەهەدەردان بوونەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی عێراق هیچ سوودێک لەو داهاتە نەبینن و بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ زیادبوونی داهات، بەردەوام رێژەی هەژاریی و بێکاریی بەرزتر بوونەتەوە.

بەگوێرە داتا و ئامارە راگەیەندراوەکان، وێڕای داهات و خەرجییە بەرچاوەکان، خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق لە ئاستێکی خراپدایە. لە کاتێکدا عێراق ساڵانە بە هەناردەکردنی نەوت داهاتێکی بەرچاوی دەست دەکەوێت، ئەمە جیا لە دەستکەوتنی داهاتی نانەوتی، بەڵام بەهۆی ئیدارەدانێکی دروستی داهاتەکانی، نەیتوانیووە سوود بە دانیشتووانی ولاتەکەی بگەیەنێت.

ئامارە ئابوورییەکان ئاشکرای دەکەن، عێراق لە دوای ساڵی 2003ـوە بە شێوەی خەمڵاندن یەک ترلیۆن و 721 ملیار دیناری لە داهاتی نەوتی و نانەوتی بەدەستهێناوە، لە نێوان ساڵانی 2003 و 2023ـدا، عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بڕی یەک ترلیۆن و 591 ملیار دیناری دەستکەوتووە، لە کاتێکدا بڕی 130 تریلیۆن دیناری لە داهاتی نانەوتی بەدەستهێناوە.

خەرجییەکانی حکومەتی عێراق بە ئەندازەی نزیک بە داهاتەکانی بووە، بە جۆرێک خەرجییەکانی بەکاربردن لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا، یەک ترلیۆن و 313 دینار بووە و بڕێکی کەم بەر خەرجییەکانی وەبەرهێنان کەوتووە و لەو ماوەیەدا، 311 تریلیۆن دینار خەرجی ئەم بوارە بووە.

هەر بە گوێرەی ئامارەکان، پشکی هەر تاکێکی عێراقی لە داهاتەکانی حکومەت 43 ملیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا پشکی هەر هاوڵاتییەک لە کۆی خەرجییەکان 40 ملیۆن دینارە.

بەڵام سەرباری ئەو خەرجیانە رەنگەدانەوەی لەسەر خۆشگوزەرانی و ئاستی ژیانی تاکەکانی عێراق نەبووە ئەمەش بەهۆکاری گەندەڵی کە بە گوێرەی ئامارەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە ریزی 20 گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە، هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان رێژەی هەژاری لە عێراقدا لە 25% و بێکاری لە 15.55%ـدایە و داهات و خەرجییەکان نەبووەتە هۆی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان.

داهاتی عێراق لە 2003 - 2023
1721 تریلیۆن دینار 

داهاتی نەوت
1591 تریلیۆن دینار

داهاتی نانەوتی 
130 تریلیۆن دینار

خەرجییەکانی عێراق 

کۆی خەرجییەکان
1,624 تریلیۆن دینار 

خەرجی بەکاربردن 
1313 تریلیۆن دینار 

خەرجی وەبەرهێنان 
311 تریلیۆن دینار 

پشکی تاکی عێراقی لە داهات و خەرجییەکان

پشکی هەر تاکێک لە داهاتەکان
43 ملیۆن دینار

پشکی هەر تاکێک لە خەرجییەکان
40 ملیۆن دینار