گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی: بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی نیشانەی گرنگیدانی واشنتنە بە هەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی باس لە بژاردەكانی بەردەم ئەمەریکا دەكات لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دەڵێت، لەبەرئەوەی ئەمەریکا نەیتوانیوە رێگری لە هەژموونی ئێران لە عێراق بكات لەوانەیە باشترین بژاردە كشانەوە بێت لەو وڵاتە.

لەبارەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، فۆرن پۆڵەسی رایگەیاندووە، دەكرێت ئەمەریکا بەشێك لە هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵێت. چونكە لە هەرێمی كوردستانەوە دەتوانێت كەمپەینی رووبەرووبوونەوەی داعش لە سووریا و عێراقیش بەڕێوەببات.

هاوکات جۆن هانا، لێكۆڵەر و شارەزای پرسی كورد رایگەیاند، کورد هاوپەیمانێکی جێگیری ئەمەریکایە و كێنیت تیمەرمان، بەڕەێوبەری دامەزراوەی دیموكراسی ئێران دەڵێت: جێگەی شەرمەزارییە عێراق دژی پرەنسیپەكانی فیدراڵی و دیموکراسی بێت و سکۆت بەیتس، راوێژکاری باڵای پەیمانگەی دیموکراسی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات. دەخوازین ئەو رەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە بەغداش هەبێت.

فۆرن پۆڵەسی: باشترە ئەمەریکا قورسایی خۆی بخاتە كوردستان

فۆرن پۆڵەسی بڵاویکردووەتەوە: "باشترە ئەمەریکا قورسایی خۆی بخاتە كوردستان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی ئەمەریکا و هەرێمی كوردستان، ئاماژەن بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەروەها بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی، سەلمێنەری ئەوەیە واشنتن گرنگی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدات".

لەبارەی دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانیشەوە، فۆرن پۆڵەسی نووسیویەتی: "داواكەی بلینكن بۆ یەكگرتوویی ناوماڵی كورد ئاماژەیەكی روونە بۆ گرنگیپێدانی زیاتری ئەمەریکا بە كوردستان" و سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە: "دەكرێت كوردستان ببێتە جێگرەوەی عێراقێكی سەربەخۆ و بەهێز چونکە تا دێت خۆری ئەمەریکا لە عێراق روو لە ئاوابوونە و كاتی ئەوەیە خۆری ئەمەریکا لە كوردستان هەڵبێت، كاتی ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ئەكتەرێكی بەهێز لە یارییەكەدا بۆیە مانەوەی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان گرنگە".

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاش لە عێراق فۆرن پۆلەسی ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەوانەیە كشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق باشترین بژاردە بێت بەڵام نابێت كشانەوەكەی وەك ئەفغانستان بێت، دەكرێت بەشێك لە هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان بهێڵێتەوە". سەبارەت بە رۆلی ئێرانیش لە عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە: "ئەمەریکا نەیتوانیوە رێگری لە هەژموونی ئێران لە عێراق بكات و نەیتوانیوە پەیوەندی ئێران لەگەڵ میلیشیاكان بپچڕێنێت".

جۆن هانا: کورد هاوپەیمانێکی جێگیری ئەمەریکایە

جۆن هانا، لێكۆڵەر و شارەزای پرسی كورد، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی قارەمان و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە، "لە قۆناغە سەخەتەکاندا ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکان شان بە شانی یەکدی شەڕی دژی تیرۆرستانیان کردووە و قوربانییان داوە، بەڵام توانیویانە سەرکەوتوو بن".

جۆن هانا گوتیشی: "کورد هەمیشە هاوپەیمانێکی جێگیر، بەردەوام چاو نەترس و قارەمانی ئەمەریکا بووە، لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا. ئەو ماوەیە بۆ هەردوولامان پڕ لە سەختی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوشانی یەکتر وەستاوینەتەوە و سەرکەوتووبووینە لە درووستکردنی شتێکی پڕ مانا و جێگەی متمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام ئێستا ئەو دەستکەوتە لە ژێر مەترسیەکی راستەقینە".

ئەو لێكۆڵەر و شارەزایەی پرسی كورد ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕوام وایە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمەریکا و ئاگادارکرنەوەی داڕێژەرانی سیاسەت لە کۆنگرێس و کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە، دەربارەی ئەوەی روودەدات لە بەغدا و ئەو فشارەی بەغدا و ئێران لە رێگەی بەغداوە لەسەر هەرێمی کوردستان دەیکات زۆر گرنگە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێرەوە، جۆن هانا باسی لەوەکرد: "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیە. پێویستە بیر لەوە بکەینەوە چۆن پەیوەندییە سەربازییەکانمان بەهێزتر بکەین و دڵنیابینەوە دۆستە کوردەکانمان ئەوەی پێویستیانە هەیانە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان لە دژی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە هێرش دەکەنە سەر کوردستان".

كێنیت تیمەرمان: جێگەی شەرمەزارییە عێراق دژی پرەنسیپەكانی فیدراڵی بێت

لەلایەن خۆیەوە، كێنیت تیمەرمان، بەڕەێوبەری دامەزراوەی دیموكراسی ئێران رایگەیاند، جێگەی شەرمەزارییە عێراقێك كە هەمووان پێكەوە كاریان بۆ دروستكردنی كرد و 2005 دەستوور نووسرایەوە و دەبوو وڵاتێكی فیدراڵ و دیموكرات بێت،كەچی ئێستا دژی هەموو پرەنسیپەكانی فیدراڵی و دیموكراسی وەستاوەتەوە.

كێنیت تیمەرمان ئاماژەی بەوەشکرد: "پێموایە ئێستا خاڵی وەرچەرخانە و نابێت رێگە بدەین ئەوەی ئێران دەیەوێت بێتەدی. پێویستە ئەمەریکا بنكە سەربازییەكانی و بوونی خۆی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات و زۆر زیاتر لە نزیكەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە كاربكات. لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای عێراق دەستێوەردانی لە هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكانیش كردووە لە كوردستان و نوێنەرایەتی نەهێشتوون".

تیمەرمان لە دیبەیتێكی تایبەتی كوردستان24 لەبارەی ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق دەڵێ، دەكرێت ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان بمێنتەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی.

بەڕەێوبەری دامەزراوەی دیموكراسی ئێران گوتیشی: "پێموایە لێكەوتە ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بكشێتەوە ئەوە دەبێت ئێران بە تەواوی كۆنترۆڵی عێراق دەكات. واتە ئەوەی بیانەوێت دەیكەن. هەموو ئەو رێككەوتنانەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كردوونی هەڵدەوەشێنیتەوە. ئێستاش دەبینین دادگای باڵای فیدراڵی چی دەكات لە هەموو ئەو رێككەوتنانەی كراون پاشگەزبووەتەوە و دژی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، واتە دەیانەوێت هەموو شتێك كۆنترۆڵ بكەن و نایانەوێت هیچ شتێك لە دەستی حكومەتی هەرێمدا بمێنێت نایانەویت دیموكراسی بمێنێت".

سکۆت بەیتس: دەخوازین ئەو رەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە بەغداش هەبێت

هاوکات سکۆت بەیتس، راوێژکاری باڵای پەیمانگەی دیموکراسی نیشتمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن سەرکەوتوو بووە و پێشنیاز دەکات سەردانی ناوچەکانی دیکەی ئەمەریکاش بکات تا لە ناو ئەو وڵاتە پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت.

سکۆت بەیتس ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بڕیار بەدەستانی ئەمەریکا بە خەڵکی وڵاتەکەیان بڵێن جیاوازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و دەبێت زیاتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکرێت.

سکۆت بەیتس گوتیشی:" پێویستە بڕیار بە دەستانی ئەمەریکا چیرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رای گشتی ئەمەریکا باس بکەن کە بۆ گرنگە لە کوردستان دۆستمان هەیە و بۆیان روونبکەنەوە سەبارەت بە چییە. ئەگەر بمانەوێت پشتیوانی سیاسی بەردەوام بێت کە بۆ ئەو سیستەمەی لە ئەمەریکا هەیە گرنگە، تا پشتیوانی درێژخایەن بۆ کوردستان تەرخان بکرێت دەبێت بۆ خەڵكی خۆمان روونی بکەینەوە. لێرە بە بڕیار بەدەستانی ئەمەریکا دەڵێم دەبێت کارێکی باشتر بکەین کە بۆ گرنگە پشتیوانی لە دۆستانمان بکەین لە ناوچەکە، هەروەها خەڵكیش تێبگەینین لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا جیاوازی هەیە".

سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سکۆت بەیتس روونیکردەوە: "هیوادەخوازین ئەو رەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە بەغداش هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر سەیری وەبەرهێنانی تایبەت بکەی لە هەرێمی کوردستان زۆر ناوازەیە".

بەیتس جەختیکردەوە: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن سەرکەوتوو بووە، پێشنیاز دەکەم جاری داهاتوو سەردانی ناوچەکانی دیکەی ئەمەریکا بکات کە کاریگەریان هەیە، وەک سان فرانسیسکۆ و ئۆستن، تا لە ئەمەریکا هۆشیاری و پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات".