سامان جاف: سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامێكه بۆ حكومه‌تی عێراق و دادگای فیدڕاڵی و وڵاتانی دراوسێ
K24 – هەولێر:
شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامێكه بۆ عێراق و دادگای فیدڕاڵی و وڵاتانی دراوسێ كه مه‌به‌ستیانه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌رێمی كوردستان بچووك بكه‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی ئاداری 2024) سامان جاف، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران وردن و له كات و ساتی پێویستدا ئه‌نجامیان ده‌دا، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكاش به هه‌مان شێوه له كاتێكدایه كه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌و سه‌ردانه هه‌یه.
سامان جاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتن دوو ره‌هه‌ند هه‌ڵده‌گرێت، یه‌كێكیان بریتییه له كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانی به‌رده‌وام بۆ هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكی دیكه‌ش بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئێستا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره سیاسییه گوتیشی، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌مه‌ریكا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه حكومی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌نجامی باشی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌ردانه‌كه په‌یامێكه بۆ عێراق به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت و بودجه و بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و سه‌ردانه وه‌ڵامێكه بۆ عێراق و دادگای فیدڕاڵی و وڵاتانی هه‌رێمی كه مه‌به‌ستیانه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌رێمی كوردستان بچووك بكه‌نه‌وه.